کۆمیسیۆن: راهێنان بە 7800 کارمەندی سەر ئامێرەکانی دەنگدان کراوە

رووداو دیجیتاڵ
 
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، تاوەکو رۆژی هەڵبژاردن، مەشق و راهێنان بە 14 هەزار کارمەند دەکەن و تاوەکو ئێستاش راهێنانیان بە حەوت هەزار و 800 کارمەند کردووە لەسەر چۆنێتی کارپێکردنی ئامێرە ئەلیکترۆنییەکانی دەنگدان. 
 
رۆژی یەکشەممە، 06ی تشرینی یەکەمی 2024، ئەیسەر یاسین، گوتەبێژی کۆمیسیۆن بۆ هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئێستا کۆمیسیۆن لە گەڕی سێیەم و کۆتایی راهێنانی کارمەنداندایە، تاوەکو ئێستا لە کۆی 14 هەزار کارمەند لە هەر چوار بازنەی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان، راهێنانمان بە حەوت هەزار و 800 کارمەند کردووە و پرۆسەکەش بەردەوام دەبێت تاوەکو سەرجەم کارمەندان ئامادە دەکرێن".
 
راهێنانەکان بریتین لە راهێنانی تیۆری و پراکتیکی لەسەر رێکارەکانی پرۆسەی دەنگدان و کارپێکردنی ئامێرە ئەلیکترۆنیەکانی دانگدان. ئەیسەر یاسین دەڵێت، راهێنان تاوەکو 11ی تشرینی یەکەم بەردەوام دەبێت. 
 
لە رۆژی دەنگدان، کۆمیسیۆن سێ ئامێر بەکاردەهێنێت کە بریتین لە لە ئامێرەکانی (دڵنیابوونەوە لە زانیاری دەنگدەر ناسراو بە ئامێری VVD). لەگەڵ ئامێری ژماردن و جیاکردنەوەی دەنگدانی ئەلیکترۆنی ناسراو بە (PECOS)، هەروەها ئامێری ناوەندی گوێزەرەوەی ئەنجامی دەنگدانی ئەلیکترۆنی لەرێگەی مانگی دەستکرد ناسراو بە (RTS).
 
بەگوێرەی بڕیاری کۆمیسیۆن هەڵبژاردنەکانی عێراق، بانگەشەی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان تاوەکو 15ی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت، سێ رۆژ پێش هەڵبژاردنی تایبەت لە 18ی ئۆکتۆبەر و پێنج رۆژ پێش هەڵبژاردنی گشتی کە بڕیارە لە 20ی ئۆکتۆبەر بەڕێوەبچێت.