بەشێکی پۆستەری بەربژێران لە شەقامی 60 مەتریی هەولێر لادران
رووداو دیجیتاڵ
شارەوانیی هەولێر بە هاوئاهەنگیی ئۆفیسی هەولێری کۆمیسیۆن، هەڵمەتێکیان بۆ لابردنی پۆستەری بەربژێران لە شوێنە رێگەپێنەدراوەکان دەستپێکرد و بەشێکی پۆستەرەکان لە شەقامی 60 مەتری لادراون.
قایمقامیەتی هەولێر هۆشداری دەداتە بەربژێران "هەڵمەتەکە بەردەوام دەبێت و هەموو پۆستەرەکان لادەدرێن".
بەپێی زانیارییەکانی فەرهاد دۆڵەمەری، پەیامنێری رووداو لە هەولێر، تیمەکانی شارەوانی و ژینگەپارێزی هەولێر، هەڵمەتێکی فراوانیان بۆ لابردنی پۆستەری تەواوی لایەنەکان دەستپێکردووە، "زۆربەی ئەو پۆستەرانەی لە نێوەڕاستی شەقامی بازنەیی 60 مەتری دانراون لابردراون".
پێشتر تیمەکانی شارەوانی ئاگاداری سەرجەم بەربژێرانی کردبووەوە، کە پۆستەرەکانیان لاببەن، چونکە لە دەرەوەی رێنماییەکان دانراون، بەڵام بەشێکیان پابەند نەبوون، بۆیە لە درەنگی شەوی رابردووەوە هەڵمەتەکە دەستیپێکردووە و بەشێکی زۆری شەقامی 60 مەتری گرتووەتەوە.
بە گوتەی پەیامنێری رووداو، سەرجەم ئەو شوێنانەی سەوزایین و پێچەوانەی رێنماییەکان، پۆستەرەکانیان لێ لادەبردرێت، چونکە بەشێکی پۆستەرەکان بوونەتە هۆی وشکبوونی سەوزایی نێوان شەقامەکان.
قایمقامیەتی هەولێر: لابردنی پۆستەرەکان بەردەوام دەبێت
سەرچاوەیەک لە قایمقامیەتی ناوەندیی هەولێر بە رووداوی راگەیاند، "پێشتر هەموو لایەن و بەربژێران ئاگادارکراونەتەوە، پۆستەرەکانیان لە هیچ شوێنێک هەڵنەواسن کە زیان بە سەوزایی بگەیێنێت، داواشمان لێکردن لەو شوێنانە لایان ببەن، بەڵام گوێیان بە رێنماییەکانی شارەوانی نەدا."
گوتیشی، "هەڵمەتێکمان دەستپێکردووە، بەبێ جیاوازی پۆستەری هەموو ئەو بەربژێرانە لادەبەین، کە پێچەوانەی رێنماییەکان هەڵیانواسیوە و زیانی بە سەوزایی گەیاندووە."
ئەو سەرچاوەی قایمقامیەتی هەولێر دووپاتیکردەوە، "ئێستا شەقامی 60 مەتری پاککراوەتەوە، هەڵمەتەکەمان لە هەموو شەقامەکانی هەولێر بەردەوام دەبێت، هەموو پۆستەرەکان لادەبەین و لە شوێنێک کۆیان دەکەینەوە، بەربژێران دەتوانن پۆستەرەکانیان ببەنەوە و لە شوێنی یاسایی و رێگەپێدراو هەڵیواسن".
کۆمیسیۆن: بەربژیران پابەندی رێنماییەکانمان نەبوون
مەروان محەممەد، بەرپرسی ئۆفیسی هەولێری کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق، لەبارەی هەڵمەتەکەوە بە رووداوی گوت، "پێشتر رێنماییمان دەرکردووە کە نابێت پۆستەرەکان لە شوێنێک هەڵبواسرێن زیان بە ژینگە و سەوزایی بگەیێنن، بەڵام بەشێکی بەربژێران پابەندی ئەو رێنماییە نەبوون، لەپێناو ئەوەی زیانەکانی ژینگە و سەوزایی کەمبکرێنەوە، لەبری ئەوەی ئێمە بەربژیران ئاگادار بکەینەوە و سێ رۆژ مۆڵەتیان پێبدەین تاوەکو بێن پۆستەرەکانیان لاببەن، شارەوانی خۆی هەستاوە بە لابردنی ئەو پۆستەرانە".
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بە پشتبەستن بە یاسای ژمارە یەکی ساڵی 1992ـی پەرلەمانی کوردستان ژمارەیەک شێوازی سەرپێچی بانگەشە و جۆری سزای دیاریکردووە، لەوانە:
- بەکارهێنانی باڵەخانە حکومییەکان بۆ هەڵواسینی پۆستەر قەدەخەیە.
- بەپێی رێنوێنییەکانی وەزارەتی شارەوانی رێگە نادرێت بە دانانی وێنە و پۆستەر لەسەر سەوزایی، نێوان شەقامەکان و نێو پاركە گشتییەكان.
- رێگە نادرێت بە هەڵواسینی وێنە و پۆستەرەكان لەسەر هێمای هاتووچۆ و تابلۆ رێنیشاندەرەكان، یان هەڵواسین لە شوێنی سووڕانەوەی ئۆتۆمبێل.