مەسرور بارزانی: پارتی کارێکی کردووە پێگەی هەرێمی کوردستان هاوشێوەی پێگەی وڵاتێکی سەربەخۆ بێت


دێسکی هەڵبژاردن

مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی، لە کۆبوونەوەکەیدا لەگەڵ قوتابیان و لاوان لە شاری دهۆک رایگەیاند، ئەوە پارتییە وایکردووە هەرێمی کورستان پێگەیەکی بەهێز و گرنگی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست هەبێت. هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد، پارتی دژایەتیی هیچ لایەنێکی نەکردووە و تەنیا ئامانجی ئەوەیە هەرێمی کوردستانیش هاوشێوەی وڵاتانی دیکە بگات بە ئامانجی خۆی.
 
رۆژی یەکشەممە، 06ـی تشرینی یەکەمی 2024، مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە شاری دهۆک لەگەڵ ئافرەتان و قوتابییان و لاوان كۆبووەوە و لەمیانی کۆبوونەوەکەدا، گوتارێكی پێشكێش کرد. 
 
لەو گوتارەدا، مەسرور بارزانی باسی هەوڵە نێودەوڵەتییەکانی حیزبەکەی کرد بۆ بەهێزکردنی پێگەی هەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی جیهان و گوتی "پارتی کارێکی کردووە کە پێوەندییە دیپلۆماسییەکان لەسەر ئاستی جیهان لەگەڵ هەرێمی کوردستان دروست بێت. کارێکی کرد کە پێگە و رێزی هەرێمی کوردستان لەئاستی وڵاتێکی سەربەخۆ بێت."
 
هەروەها مەسرور بارزانی ئاماژە بەوە دەکات "ئەو وڵاتانەی کە ئەمڕۆ مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەکەن، دەزانن کە هەیبەت و پێگەی هەرێمی کوردستان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست چەند گرنگە. سوپاس بۆ پارتی کە سەرکردایەتی ئەو پێوەندییە دیپلۆماسییانەی کردووە و هەرێمی کوردستانی گەیاندووەتە ئەم قۆناخە." 
 
لەدرێژەی گوتارەکەیدا، جێگری سەرۆکی پارتی رایگەیاند "پارتی دژایەتیی هیچ لایەنێكی سیاسی نەکردووە، بەڵکو ئێمە ئامانجێکمان هەبووە، کە ئەویش ئەوەیە خاك و میللەتی ئێمە رزگار ببێت و ئێمەی کوردیش وەك هەموو نەتەوە و میللەتانی دونیا بگەین بە مافەكانی خۆمان، پەنا بەخودا لەسەر دەستی پارتی رۆژێك لە رۆژان ئەو مافە بەدەست دێت." 
 
پارتی دیموکراتی کوردستان بە 190 بەربژێر کە بەسەر چوار بازنەدا دابەشبوون، بەشداری لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستاندا دەکەن، کە بڕیارە لە 20ـی تشرینی یەکەم بەڕێوەبچێت.