بەربژێرێک لەبری پۆستەر رۆژانە خۆی دەچێتە سەر شەقامەکان

06-10-2024
بەشار عەزیز @BasharAzeez2
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
بەربژێرێکی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لە بازنەی دهۆک، رۆژانە لەسەر شەقام دەوەستێت و خۆی بە خەڵکی دەناسێنێت، هەندێک جاریش ژمارەکەی لەسەر جلەکانی هەڵدەواسێت.
 
ئەو بەربژێرە دەڵێت: "هۆکاری وەستانی ئەوەیە پۆستەرەکانیان دڕاندووە، ناچارە لەبری پۆستەر خۆی بووەستێت".
 
مەلا شاکر چڕە، بەربژێری لیستی یەکگرتووی ئیسلامییە لە بازنەی پارێزگەی دهۆک، دانیشتووی کۆمەڵگەی چڕەی سەر بە قەزای شێخانە، ئەو بەربژێرە کە هاوکات مامۆستای ئاینییە، ئەمڕۆ یەکشەممە 6-10-2024 بە رووداوی راگەیاند، "چەندین پۆستەرم لە قەسرۆک، کەڵەک و شێخان و کۆمەڵگەی چڕە دڕێندراون و لابردراون، تەنانەت ڤیدیۆیان گرتووە و سووکایەتیم پێکراوە". 
 
ئەو بەربژێرە ئاماژە بەوە دەکات، گرتەی کەسێکی لایە کە پۆستەرەکانی دەدڕێنێت، بەڵام "چەند جارێک هاتووەتە ماڵەکەم و داوای لێبوردنی کردووە، بۆیە سکاڵام لەسەری تۆمار نەکردووە". 

 

 
مەلا شاکر چڕە، کە کەسایەتییەکی ئایینی کۆمەڵگەی چڕەیە، روونیدەکاتەوە کە لای خەڵک ناسراوە و خۆشەویستە و کێشەی لەگەڵ کەس نییە، بۆیە پێیوایە "ئەوەی دەکرێت سیاسییە و مەبەست ئەوەیە رێگری لە سەرکەوتنی من بکرێت". 
 
بەگوێرەی رێنماییەکانی کۆمیسیۆن و یاسای هەڵبژاردنی کوردستان، دڕاندنی پۆستەر و لابردنی، یان ناوزراندن دەچێتە چوارچێوەی سەرپێچییەکانی هەڵبژاردن و سزای هەیە، بۆیە هەر بەربژێرێک ئەو سەرپێچییانەی بەرامبەر کرا، دەبێت پەنا بباتە بەر کۆمیسیۆن و سکاڵا تۆمار بکات.
 
لەوبارەوە مەلا شاکر چڕە رەتیکردەوە سکاڵای تۆمارکردبێت. گوتی، "بەربژێر هەیە پارێزەرە و شارەزای یاسایە، بە بەرچاوی کامێرا وێنەی خۆی لەسەر وێنەی من داوە، ئەوە عەقڵییەتی بێت، بگاتە پەرلەمان چاوەڕوانی چی لێدەکرێت؟ من کێشەم لەگەڵ کەس نییە، بۆیە سکاڵام تۆمار نەکردووە. بەڵام ئەگەر دڕاندنی وێنەکانم و لابردنیان بەردەوام بێت، سکاڵا تۆمار دەکەم و رێگەی یاسایی دەگرمەبەر".

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی قەڵای هەولێر.

توێژینەوەیەک: ژیان لە هەولێر وەکو ئەوە وایە رۆژانە دوو پاکەت جگەرە بکێشیت

سەرۆکی رێکخراوی ئاییندە بۆ پاراستنی ژینگە لە هەرێمی کوردستان دەڵێت، "هەولێر دووەم پیسترین شاری عێراق و یەکەمی هەرێمی کوردستانە و وەکو ئەوە وایە کە رۆژانە هەر تاکێکی شاری هەولێر دوو پاکەت جگەرە بکێشێت".