رووداو دیجیتاڵ
لەو هەزار و 191 بەربژێرەی کە کێبڕکێ بۆ بەدەستهێنانی 100 کورسیی پەرلەمانی کوردستان دەکەن، 629ـیان بە بێ بڕوانامە خۆیان تۆمار کردووە. کۆمیسیۆنیش دەڵێ: "بڕوانامە مەرج نییە، بۆیە بەشێکیان نەیانهێناوە."
بەگوێرەی بەدواداچوونێکی تۆڕی میدیایی رووداو، زۆرینەی بەربژێرەکانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، بڕوانامەیان نییە و تەنیا خوێندنەوە و نووسین دەزانن، یان خۆیان بەبێ بڕوانامە لە کۆمیسیۆن تۆمارکردووە.
لە هەزار و 191 بەربژێری سەربەخۆ، حیزب و هاوپەیمانییەکان؛ تەنیا 562 بەربژێریان بڕوانامەیان هەیە، 629 بەربژێرەکەی دیکە بڕوانامەیان نییە و تەنیا نوسین و خوێندنەوە دەزانن.
بەگوێرەی پارێزگاکانیش ژمارەکان بەمجۆرەن:
پارێزگای هەولێر
کۆی گشتی: 395 بەربژێر
بێ بڕوانامە: 229 بەربژێر
خاوەن بڕوانامە: 166 بەربژێر
پارێزگای سلێمانی
کۆی گشتی: 516 بەربژێر
بێ بڕوانامە: 232 بەربژێر
خاوەن بڕوانامە: 284 بەربژێر
پارێزگای دهۆک
کۆی گشتی: 226 بەربژێر
بێ بڕوانامە: 128 بەربژێر
خاوەن بڕوانامە: 98 بەربژێر
پارێزگای هەڵەبجە
کۆی گشتی: 54 بەربژێر
بێ بڕوانامە: 40 بەربژێر
خاوەن بڕوانامە: 14 بەربژێر
بەپێی ئەو زانیارییەی کە رووداو لە بەرپرسێکی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەوە دەستیکەوتووە، "کۆمیسیۆن داوای بڕوانامەی لە بەربژێرەکان کردووە، بەشێک لەوانەی کە خۆیان بە بێ بڕوانامە تۆمارکردووە، لە راستیدا هەیانە، بەڵام نەیانویستووە بڕوانامەکانیان لە زانکۆ و پەیمانگەکان بهێننەوە، بەشەکەی دیکەش کە زۆرینەن، هەر لە بنەڕەتدا بڕوانامەیان نییە و تەنیا نووسین و خوێندنەوە دەزانن."
ئەو هەزار و 191 بەربژێرە، کێبڕکێی بەدەستهێنانی 100 کورسیی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەکەن، کە بڕیارە لە 20ـی تشرینی یەکەمی ئەم ساڵ هەڵبژاردن بکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ