پلاندانانی عێراق بۆ رووداو: گەمارۆسازی و ژمارەلێدان لە هەرێمی کوردستان هیچ گرفتێکی نییە
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی پلاندانانی عێراق دەڵێت، گەمارۆسازی و ژمارەلێدان لە هەرێمی کوردستان بەباشی بەڕێودەچێت. ئاماژە بەوەش دەکات، لە هەندێک پارێزگای عێراق خەریکە پرۆسەکە تەواو دەبێت.
رۆژی 01-10-2024 گەمارۆسازی و ژمارەلێدان لە چوارچێوەی پڕۆسەی سەرژمێری لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد. لە عێراق لە 1ـی ئەیلوولەوە دەستیپێکردووە.
عەبدولزەهرە هینداوی، گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق رۆژی 06-10-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، گەمارۆسازی و ژمارەلێدان لە هەرێمی کوردستان وەک قۆناخی یەکەمی سەرژمێریی گشتی بە باشی بەڕێودەچێت و تاوەکو ئێستا هیچ گرفتێک دروست نەبووە.
گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق ئاماژەی بەوە کرد، لە عێراقیش پرۆسەکە بەردەوامە و تەنانەت ئەو پارێزگایانەی بچووکن خەریکە پرۆسەکە تێیاندا تەواو دەبێت؛ لە هەندێک لە پارێزگاکانی دیکەش زیاتر لە 70٪ـی تەواو بووە.
لەبارەی پارێزگا گەورەکانی وەکو بەغدا، نەینەوا و بەسرە، عەبدولزەهرە هینداوی گوتی، ئەنجامدانی پرۆسەکە کەمترە و نموونەی بەغدای هێنایەوە و رایگەیاند، بەغدا پارێزگایەکی گەورەیە؛ بۆیە تاوەکو ئێستا 50٪ـی کارەکانی پرۆسەی گەمارۆسازی و ژمارەلێدان تێیاندا تەواو بوون.
سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان لە عێراق و هەرێمی کوردستان لە 20-11-2024 بەڕێوەدەچێت.
ئەو سەرژمێرییە بۆ کۆمەڵێک مەبەست سوودی لێوەردەگیرێت، وەکو ژمارەی زانینی دانیشتووان، دهرخستنى دابهشبوونى خزمهتگوزارييه گشتييهكانى حكومهت وهکو قوتابخانه، نهخۆشخانه، بنكهى تهندروستى، ههروهها بۆ دیاریکردنی بودجەی پارێزگاکان و کورسیی پەرلەمانی عێراقیش سوودى لێ وەردەگیرێت.