لە دهۆک کێشەیەکی کۆمەڵایەتی بە یەک ملیۆن دۆلار چارەسەر کرا
رووداو دیجیتاڵ
کێشەیەکی کۆمەڵایەتی کە سێ ساڵە لەنێوان دوو خێزان لە سنووری پارێزگای دهۆک هەیە، ئەمڕۆ بە یەک ملیۆن دۆلار چارەسەر کرا و کۆتایی بە کێشەکە هێنرا.
کێشەکە لەنێوان دوو خێڵ لە هۆزی هەرکی روویدا بوو، بەهۆیەوە هەشت کەس کوژراون و 11 کەسیش بریندار بوون. مەحموود ئاغا هەرکی، کەسایەتیی دیاری عەشیرەتی هەرکی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، دوای ماوەیەکی زۆر لە هەوڵدان و نێوبژیوانی، ئەمڕۆ توانییان کۆتایی بە کێشەکە بهێنن.
سەرەتا کێشەکە لە سنووری پارێزگای هەولێر روویدا، بەهۆیەوە لایەنێکی کێشەکە لە ئاکرێ نیشتەجێبوون. ئەو کەسایەتییەی عەشیرەتی هەرکی دەڵێت، ئەمڕۆ بە یەک ملیۆن دۆلار کێشەکە کۆتاییهات و هەردوولا واژۆیان کردووە کە پابەند بن بە رێککەوتنی ئاشتەوایی نێوانیان.
ئەو لایەنەی لە رووداوەکەدا 8 کەسیان لێ کوژراوە، بۆ ئاشتبوونەوە یەک ملیۆن دۆلاریان لە لایەنی دیکە وەرگرتووە.