رووداو - سلێمانی
وەکو هەڵمەتێک بۆ رێگری لە تەشەنەسەندنی شێرپەنجەی پرۆستات، نەخۆشخانەی هیوا بێبەرامبەر پشکنین بۆ ئەو کەسانە دەکەن کە گومانی تووشبوونیان هەیە.
هاونیشتمانییەک دەڵێت، "ماوەیەکی زۆرە میزەکەم بە پچڕ پچڕ بۆ دەکرێت و زوو زوو میزم دێت، بۆیە بڕیارم دا بێم پشکنین بکەم، زۆریش سوپاسی نەخۆشخانەی هیوا دەکەم کە بێ بەرامبەر پشکنین دەکەن."
ساڵێکە لە نەخۆشخانەى هیوا ئەم هەوڵە هەیە، لەو ماوەیەدا نزیکەی 1000 کەس بێ بەرامبەر پشکنینی پرۆستاتی کردووە، لە ئەنجامدا دەرکەوتووە 124 کەسیان تووشی شێرپەنجەی پرۆستات بوون.
محەممەد کەریم، تووشبوویەکی شێرپەنجەی پرۆستاتە و داواکارە هەرکەس نیشانەکانی هەیە، زوو بچێتە نەخۆشخانەی هیوا و بێ بەرامبەر پشکنین بکات. محەممەد دەڵێت، "پێشتر میزم بە کەمی بۆ نەدەکرا، بەشێکی هەر لە میزڵدانمدا دەمایەوە و تووشی شێرپەنجە بووم، هیوادارم کەس تووشی ئەم نەخۆشییە نەبێت."
ئەم پشکنینە هەموو ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە تەمەنیان لە سەروو 40 ساڵەوەیە یان ئەو کەسانەی خوار 40 ساڵن و کەسێک لە خێزانەکەیان تووشبووی شێرپەنجەیە.
سارا جەمیل، لێپرسراوی هۆبەی توێژینەوەی زانستیی نەخۆشخانەی هیوا دەڵێت، "شێرپەنجەی پرۆستات لە قۆناخەکانی سەرەتایدا هیچ نیشانەیەکی نییە و نەخۆش هەستی پێناکات، رەنگە لە کاتی میزکردندا کەمێک ئازاری هەبێت، بەڵام هێندە زۆر نییە کە سەردانی پزیشک بکات، بۆیە زۆرینەی تووشبووەکان خۆیان پشتگوێ دەخەن تاوەکو ئازاری گیانی و ئێسکەکانی زیاد دەبێت."
محەممەد عەبدولوەهاب، لێپرسراوی هۆبەی کۆنتڕۆڵی شێرپەنجە لە سلێمانی ئاماژە بەوە دەکات، "کاریگەرییەکی راستەوخۆی دەبێت لە دۆزینەوەی شێرپەنجەی پرۆستات لە قۆناخەکانی سەرەتادا، کە چارەسەرەکەی زۆر سادە و ئاسانە و تێچووی کەمە و رێژەی دەربازبوون لێی دەگاتە زیاتر لە 90%."
شێرپەنجەی پرۆستات زیاتر لەدوای تەمەن 45 ساڵییەوە تووشی مرۆڤ دەبێت و نیشانە گشتییەکانی بریتین لە میزکردنی پچڕ پچڕ، لاوازیی تەوژمی میز، بوونی خوێن یاخود سپێرم لەنێو میز، ئازار لەکاتی میزکردن و بەتاڵنەبوونی تەواوەتیی میزڵدان.
زوو دەستنیشانکردنی شێرپەنجە، یەکێکە لە هۆکارەکانی زوو چارەسەرکردن، بۆیە پزیشکان رێنوێنی دەدەنە هاونیشتمانییان پشکنینی پێشوەختە بکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ