رووداو دیجیتاڵ
هاوسەرۆکی فەرمانگەی کارەبای حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان دەڵێت، بەهۆی هێرشەکانی تورکیاوە زیانی زۆر بەر وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا و بگۆڕەکان (محاویلەکان) کەوتووە، "زیانەکان گەورەن و چاککردنەوەیان لە توانای ئێمەدا نییە."
رۆژی هەینی 6ی ئۆکتۆبەری 2023 سەلاح خەلەف برۆ، هاوسەرۆکی فەرمانگەی کارەبای حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان میوانی بوولتەنی کاژێر 19:00ی تۆڕی میدیایی رووداو بوو، کە سورەیا هەساری پێشکێشی کرد و رایگەیاند، "دوو وێستگەی کارەبای حەسەکە کە 12 کیلۆمەتر لە رۆژهەڵاتی حەسەکە هەڵکەوتوون، کراونەتە ئامانج و بەو هۆیەوە دوو گەڕەکی شارەکە و گوندەکانی دەوروبەری وێستگەکانی کارەباکە کارەبایان بڕاوە."
سەلاح خەلەف برۆ دەڵێت، "هێرشەکە زیانی بە بەنداوی رۆژئاوا لەو ناوچەیە و پڕۆژەی ئاوی حەسەکەش گەیاندووە و ئێستا حەسەکە بێ ئاوە." گوتیشی، "مانگێک بوو ئاوی حەسەکە باش ببوو و خەڵک زۆر پێی دڵخۆش بوون."
ئێستا ئاوی نێو شاری حەسەکە و دەوروبەری تاوەکو عامودا و دربێسی بڕاوە و وەکو هاوسەرۆکی فەرمانگەی کارەبای حەسەکە ئاماژەی پێدەدات، "ئێمە کارەبا لە بەنداوەکانی فیرات و تەبقا وەردەگرین. قامشلۆ و رۆژهەڵاتی قامشلۆش لە وێستگەی سوێدیک کارەبایان وەردەگرت. ئێستا سوێدیک بە تەواوەتی لەکار کەوتووە و تەنیا کارەبای بەنداوەکانی رەققە و تەبقەمان بۆ دێت."
بە گوتەی سەلاح خەلەف برۆ، بەهۆی هێرشەکەی تورکیاوە هیچ کارمەندێکی بەڕێوەبەرایەتییەکەیان گیانی لەدەست نەداوە و سەرجەم کارمەندەکانیان سەلامەتن.
لە رۆژی چوارشەممەوە تورکیا بە درۆن چەندین ناوچەی رۆژئاوای کوردستانی کردووەتە ئامانج و ئەمڕۆ هەینی، پێنج جار وێستگەی کارەبای سوێدییان لە سنووری شاری دێرکی رۆژهەڵاتی قامشلۆ بۆردوومان کرد و هاوسەرۆکی کارەبای حەسەکەش زیانەکانی دەخاتەڕوو.
سەلاح خەلەف برۆ دەڵێت، "وێستگەیەکی کارەبا لە حەسەکە؛ وێستگەیەک لە عامودا؛ وێستگەی باکووری قامشلۆ و وێستگەی دربێسیێ بە تەواوەتی تێکچوون، بەڵام وێستگەی هەرە گرنگ، کە گەورەترین وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبا بوو، وێستگەی سوێدی بوو، کە 150 مێگاوات کارەبای بەرهەم دەهێنا، 70 مێگاواتی بۆ بیرە نەوتەکان و 80 مێگاواتیشی بۆ هاووڵاتییان بوو، ئێستا بە تەواوی لەکارکەوتووە."
لەبارەی چاککردنەوەی ئەو وێستگانە، هاوسەرۆکی فەرمانگەی کارەبای حەسەکە گوتی، "بۆ ئێمە زۆر قورسە، لەبەر ئەوەی بگۆڕەکانی کارەبا لەو وێستگانە زۆر گەورەن و لە هەموو سووریادا لەو جۆرە بگۆڕانە نین؛ دابینکردنیشیان لە توانای دەوڵەتدایە و توانای دارایی گەورەی دەوێت."
بە گوتەی سەلاح خەلەف برۆ، ئێستا لە شاری قامشلۆوە تاوەکو دێرک، عامودا و دربێسیێ بێ کارەبایە و دەڵێت، تەنیا حەسەکە کارەبای هەیە کە لەو شارەشدا ئێستا دوو گەڕەک و گوندەکانی دەوروبەری بەنداوی رۆژئاوای ئەو شارە کارەبایان بڕاوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ