فڕۆکەکانی تورکیا وێستگەی کارەبای دێرکیان لە رۆژئاوای کوردستان بۆردوومان کرد

 
رووداو دیجیتاڵ

فڕۆکەکانی تورکیا وێستگەیەکی کارەبایان لە سنووری شاری دێرک لە رۆژهەڵاتی شاری قامشلۆ لە رۆژئاوای کوردستان بۆردوومان کرد؛ هەروەها ژمارەیەک گوندی سنووری هەرێمی عەفرین تۆپباران کران.
 
بەپێی میدیای نزیک لە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر، فڕۆکەکانی تورکیا ئەمڕۆ هەینی 6ی تشرینی یەکەمی 2023 جارێکی دیکە دەستیان بە بۆردوومانکردنی رۆژئاوای کوردستان کردووەتەوە و پێنج جار وێستگەی کارەبای سوێدییان لە سنووری شاری دێرکی رۆژهەڵاتی قامشلۆ بۆردوومان کرد. ئەو وێستگەیەی بۆردوومان کرا بەشێکی کارەبای هەرێمی جزیرەی رۆژئاوای کوردستان دابین دەکات.
 
بەهۆی بۆردوومانەکەوە، ئاگرێکی گەورە لە وێستگەکە کەوتەوە و زیانێکی زۆریشی بەرکەوت. میدیای نزیک لە هەسەدە دەڵێت، فڕۆکەکانی تورکیا بۆ ماوەیەکی زۆر بە ئاسمانی ناوچەکەدا سووڕانەوە، هەربۆیە تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە نەیاندەتوانی بچنە شوێنەکە و ئاگرەکە بکوژێننەوە.
 
میدیای سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دەشڵێت، ئەمڕۆ تۆپخانەکانی تورکیا بە چڕی گوندی زیارەت و دەوروبەری گوندی دێرجەمالیان لە ناوچەی شێرئاوای عەفرین کە لە کۆنترۆڵی هێزە کوردییەکانی رۆژئاوای کوردستاندان، تۆپباران کرد.
 
لە لایەکی دیکەوە، درۆنێکی تورکیا خاڵێکی سەربازیی هێزەکانی سەر بە حکومەتی سووریای لەنێوان گوندەکانی عاقیبێ و سۆخانەکێی ناوچەی شێرئاوای عەفرین بۆردوومان کرد. بەپێی میدیای سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر، لە ئەنجامی ئەو هێرشەدا سەربازێکی سوپای سووریا بریندار بووە.
 
دوێنێ پێنجشەممە 5ی تشرینی یەکەمی 2023ش فڕۆکەکانی تورکیا بە چڕی چەند ناوچەیەکی رۆژئاوای کوردستانیان بۆردوومان کرد.
 
ئاسایشی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لەبارەی هێرشەکانی دوێنێ بڵاویکردەوە، بەهۆی هێرشەکانی تورکیاوە 11 کەس گیانیان لەدەستدا کە پێنجیان سڤیل بوون و شەش کەسیش ئەندامی هێزە ئەمنییەکان بوون؛ هەروەها 10 کەسی دیکەش بریندار بوون.
 
ئاسایشی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر ئاماژەی بەوەش کرد، 21 شوێن کراونەتە ئامانج کە هەشتیان شوێنی نیشتەجێبوون بوون و سێ بارەگای هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆش کراونەتە ئامانج.
 
لە لایەی دیکەوە وەزارەتی بەرگریی تورکیا بەیانی ئەمڕۆ هەینی بڵاویکردەوە، دوای هێرشەکەی شەوی رابردوو بۆ سەر سەربازگەیەکیان لە ناوچەی دابق لە سووریا، هێزەکانیان بەشێوەیەکی "بەهێز" وەڵامیان داوەتەوە و لە ئەنجامدا 26 شەڕڤانی یەپەگە گیانیان لەدەستداوە.
 
بۆردوومان و تۆپبارانی ئەمجارەی رۆژئاوای کوردستان لە لایەن تورکیاوە رۆژی چوارشەممە دەستیپێکرد، ئەوەش دوای هێرشەکەی رۆژی یەکشەممە 1ـی تشرینی یەکەمی 2023ی سەر بارەگای بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایشی تورکیا.
 
دوای هێرشەکە، هێزەکانی پاراستنی گەل - هەپەگە هێرشەکەی لە ئەستۆ گرت و لە راگەیێندراوێکدا ناسنامەی هێرشکارەکانی ئاشکراکرد و رایگەیاند، رۆژهات زیلان و ئەرداڵ شاهین کە "ئەندامی کەتیبەی فیدایی نەمران"ـن هێرشەکەیان کردووە.
 
رۆژی چوارشەممە 4ـی تشرینی یەکەمی 2023، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیی هاوبەشی لەگەڵ هاوشانە قوبرسییەکەیدا باسی لە دوایین لێکۆڵینەوەکان لە هێرشەکەی سەر بارەگای ئاسایشی گشتیی تورکیا لە ئەنقەرە کرد.
 
هاکان فیدان گوتی "لە ئەنجامی بەدواداچوونی هێزە ئەمنییەکانمان دەرکەوت، هەردوو تیرۆریستەکە لە سووریاوە هاتوون و هەر لەوێش مەشقیان کردووە"؛ گوتیشی، ''لەمەودوا گشت دامەزراوەکانی سەر بە رێکخراوی تیرۆریستیی پەکەکە/یەپەگە بەتایبەتی لە عێراق و سووریا، ئامانجی رەوای هێزە ئەمنییەکان، سوپا و دەزگای هەواڵگریمان دەبن."
 
هەمان رۆژ مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات- هەسەدە رایگەیاند، "ئەنجامدەرانی هێرشەکەی ئەنقەرە لە ناوچەکانی ئێمەوە نەچوون وەکو بەرپرسانی تورکیا باسی دەکەن. وەک چۆن ئێمە بەشێک نین لە ململانێی نێوخۆی تورکیا، هانی پەرەسەندنیشی نادەین."