رووداو - سلێمانی
بەهۆی ئاڵوگۆڕی دراوی سوورییەوە ئەحمەد لە سلێمانی نزیکەی 80 هەزار دۆلار زیانی پێگەیشتووە؛ دوو ساڵ پارەکەی لە ماڵ هەڵگرت، بەهای دراوی سووری هەر روو لە دابەزین بوو، بۆیە بە ناچاری ساڵی رابردوو هەمووی بە زیان فرۆشتەوە.
ئەحمەد محەممەد، ئاڵوگۆڕکاری دراو لە سلێمانی دەڵێت، "خەڵکێک لە سلێمانی، بە خۆشمەوە، بە داڵخەی ئەوەوە لیرەی سووریمان کڕی کە بونیە تەحتیە بگەڕێتەوە و ئیعادەت ئەعمال دەستپێبکاتەوە، بۆیە زەرەرمەندی یەکەمی داڵخە بووین، هەموو ئەوانەیشی لە بازاڕی دراو دەیانبینی هیچی کەمتر لە 20 هەزار دۆلار زیانی نەکردووە؛ تێیدایە 200 هەزار دۆلار و 300 هەزار دۆلار. ئەم بازاڕە بووە بە زباڵە، هەر دراوێک لەو وڵاتانە ساخنابێتەوە، دەهێندرێت لێرە هەڵدەڕێژرێت، بە نموونەی تمەنی ئێرانی و لیرەی سووری."
دەیان کەسی دیکە زیانی گەورەیان کردووە، بەشێکیان هێشتا دراوەکەیان لە ماڵ هەڵچنیوە و چاوەڕێی باشبوونی دۆخی سووریا دەکەن، هەندێکیش بێهیوا بوون.
میران محەممەد، ئاڵوگۆڕکاری دراو ئاماژە بەوە دەکات، "بە هیچ شێوەیەک ناتوانم دەستبەرداری ئەم لیرە سوورییە بم کە کڕیومە، چونکە زیانی گەورە دەکەم، ئەگەر 10 ساڵی دیکەش دایبنێن، چاوەڕێی باشبوونی دۆخی سووریا دەکەم. پێشتر لە ساڵی 2009 و 2010 ئەم پێنج ملیۆن لیرەیە بەهاکەی 125 هەزار دۆلار بۆ 130 هەزار دۆلار بوو، خەڵکمان هەیە دوو ملیۆن لیرەی بە 26 ملیۆن دینار کڕیوە، یان خەڵک هەیە 60 ملیۆن لیرەی سووریی کڕیوە بە 480 هەزار دۆلار، ئێستا 6000 دۆلار دەکات."
ئێستا کەمترین ئاڵوگۆڕ بەو دراوەوە لەنێو بازاڕی دراو دەکرێت، چونکە زۆرینەی ئەوانەی مامەڵەیان پێوە کردووە، لە زیاندان.
دراوە سوورییەکەی لە سەرچاوەی جیاوازەوە دێتە نێو بازاڕی دراو. بێساران مەجید، ئاڵوگۆڕکاری دراو دەڵێت، "پێشتر ئەم دراوە لە هەولێرەوە دەهات بۆ سلێمانی و لێرەشەوە جاروبار بۆ بەغدا دەنێردرا، بەڵام ئێستا لە هەولێر و بەغدا و دهۆک و پیشخاپوورەوە دێت، تەنانەت بە قاچاخیش دێت و کەس رێگریی لێناکات."
لە ساڵی 2010 کە شەڕ لەنێو سووریا دەستیپێنەکردبوو، 45 لیرەی سووری بەرامبەر یەک دۆلار بوو، وردە وردە بەهاکەی دابەزی تاوەکو ساڵی 2019 بوو 950 لیرە، ساڵی 2020 بووە 2500 لیرە، ساڵی 2021 بووە 3500 لیرە، ساڵی 2022 بووە 6500 لیرە، ساڵی 2023 بووە 14 هەزار لیرە.
تەنیا لە ماوەی ئەمساڵدا دراوی سووری نزیکەی 60%ی بەهاکەی لەدەستداوە، ئەوەش وایکردووە زیانی گەورە بەر ئەو کەسانە بکەوێت کە ئاڵوگۆڕ بەو دراوەوە دەکەن، ئێستا پارەکەیان بێ بەهایە و گیرفانیش بەرەو بەتاڵبوون دەچێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ