رووداو-هەولێر
فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا رایدەگەیێنێت، لە ئۆپەراسیۆنەکەی شەوی چوارشەممەی قامشلۆدا بەرپرسێکی داعشیان کوشتووە.
ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە، 6ـی تشرینی یەکەمی 2022، فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "دوێنێ شەو هێزەکانی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا بە هێلیکۆپتەر ئۆپەراسیۆنێکیان لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا لە نزیک قامشلۆ ئەنجامدا و راکان واحید ئەلشەمەری، بەرپرسێکی داعشیان کردە ئامانج".
لەبارەی ئەو بەرپرسەی داعشەوە، فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا دەڵێت، بەرپرسەکە "ئاسانکاری بۆ کاری بەقاچاخبردنی چەک و چەکدار بۆ پاڵپشتی لە جموجووڵەکانی داعش دەکرد".
فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا دەشڵێت، لە ماوەی ئۆپەراسیۆنەکەدا کەسی بەئامانجگیراو کوژراوە و هاوکارێکی بریندارکرا و دوو هاوکاری دیکەشی لە لایەن هێزەکانی ئەمریکاوە دەستبەسەرکران.
لەبارەی زیانەکانی کاتی ئۆپەراسیۆنەکە، دەڵێت، لە کاتی ئۆپەراسیۆنەکەدا هیچ هێزێکی ئەمریکا بریندار نەکرا و نەکوژرا، هیچ کەسێکی سڤیلیش نەکوژرا و بریندار نەکرا و، هیچ زیانێکیش بە کەلوپەلی هێزەکانی ئەمریکا نەکەوت.
فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا پابەندیی خۆی بۆ پاڵپشتیکردنی "هاوپەیمان و هاوبەشەکانمان" لە بەزاندنی داعش دووپاتدەکاتەوە.
ئەوە لەکاتێکدایە کە دوای ئۆپەراسیۆنەکە، میدیای فەرمیی سووریا رایگەیاند کە شەوی چوارشەممە لەسەر پێنجشەممە، هێزەکانی ئەمریکا ئۆپەراسیۆنێکی سەربازییان لە رێگەی ژمارەیەک هێلیکۆپتەرەوە لە باشووری شاری قامشلۆی رۆژئاوای کوردستان ئەنجامداوە. ئاماژەی بەوەش کرد کە ئۆپەراسیۆنەکە لە گوندی ملوک سەرای کە لەژێر دەسەڵاتی حکومەتی سووریادایە، ئەنجامداوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ