یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان: بۆ گەیاندنی داواکاریی مامۆستایان چاوەڕێی وەڵامی حکومەتین


رووداو دیجیتاڵ

بەبۆنەی رۆژی مامۆستایانی کوردستانەوە، یەکێتیی مامۆستایان ژمارەیەک داواکاریی لە حکومەت و پەرلەمانی کوردستان هەیە، دیارترینیان دەستپێکردنەوەی پلەبەرزکردنەوەی مامۆستایان و دانەوەی پاشەکەوتی مووچە، دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ و دابەشکردنی زەوی و شوقە بەسەر مامۆستایان و ژمارەیەک داواکاریی دیکە.
 
رۆژی پێنجشەممە 6ـی ئۆکتۆبەر، رۆژی مامۆستایانی کوردستانە. یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان دەڵێت، کۆمەڵێک داواکارییان لە حکومەت هەیە. ئەحمەد گەرمیانی، یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئێمە کۆمەڵێک داواکاریمان هەیە پێویستە بۆ باشترکردنی بارودۆخی مامۆستایان جێبەجێ بکرێن، بەشێکیان لەلایەن حکومەتەوەیە کە دەبێت بەدەممانەوە بێت، هەرچەندە ئێمە داوای کۆبوونەوەمان لەگەڵدا کردوون، ئێستا چاوەڕوانی ئەوەین وادەمان بۆ دیاری بکرێت بۆ باسکردنی گرفتەکانمان بەمەبەستی چارەسەرکردنیان."
 
لە ساڵی 1992ەوە شەشی ئۆکتۆبەر بە رۆژی مامۆستایانی کوردستان دیاری کراوە، چونکە لەو رۆژەدا کۆنگرەی نۆیەمی یەکێتیی مامۆستایان سازکرا و رێکخراوی مامۆستایانی حیزبەکانی کوردستان یەکگرتنەوەیان لەژێر ناوی یەکێتیی مامۆستایان راگەیاند، هەروەها هاوکات بوو لەگەڵ راگەیاندنی فیدڕاڵیی هەرێمی کوردستان.
 
یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان بەو بۆنەیەوە لە راگەیێندراوێکدا بەبۆنەی رۆژی جیهانی و کوردستانی مامۆستایان، رایگەیاند: "کەس نییە لە گەورەوە تا دواکەسی ئەم هەرێمە قەرزاری مامۆستایان نەبن، بۆیە کاتی ئەوە هاتووە ئەو قەرزە مەعنەوی و مادییانە بدرێتەوە، دەبێت لێرە بەدواوە بەرپرسە باڵاکان چاوێکیان لەسەر کۆی جومگەکان بێت و چاوێکیشیان بەتەنیا لەسەر پرۆسەی پەروەردە و خوێندنی باڵا بێت."
 
یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان، لە راگەیێندراوەکەدا کۆمەڵێک داواکاریی هەیە، لەوانە:
 
- حکومەتی هەرێمی کوردستان مەهێڵن چیدیکە مامۆستایان بێنازبن و بە خەمە گەورەکانیانەوە بچنە ناو هۆڵ و پۆلەکان لە هەردوو وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵاوە.
 
- پلەبەرزکردنەوەی مامۆستایان دەستپێبکەنەوە، چونکە پاساوێک نییە بۆ نەگێڕانەوە ئەو پێدراوە یاساییە.
 
- چارەنووسی ئەو پاشەوکەوت و لێبڕینانەی کردووتانە لە ژمارە بانکییەک دیاری بکەن، فەرمان بدەن بۆ بەکارهێنانی بۆ دانەوەی قەرزەکان و هەروەها هەر بوارێکی دیکە سوودی بۆ مامۆستایان هەبێت.
 
- جیاوازیی مووچەی مامۆستایانی هەولێر و دهۆک و مامۆستایانی خوێندنی کوردی/هەولێر، بگێڕنەوە کە لە پێشدا مامۆستایانی سلێمانی و گەرمیان وەریانگرتووە.
 
-مامۆستایانی وانەبێژ چارەنووسیان ئەسپەردەی قەدەر مەکەن، ئەوانە زەخیرەی ئەم وڵاتە و پڕۆسەی پەروەردەن، بەفەرمی یان بەگرێبەست دایان بمەزرێنن.
 
- بودجەی پێویست بۆ هەردوو وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا تەرخان بکەن بۆ ئەوەی پێداویستییەکان وەک راهێنانی مامۆستایان و باڵەخانە و هۆیەکانی فێرکردن و تەکنیکی تازە و پرۆگرامی نوێ بەرهەم بێت.
 
- دەبێت زەوی یان یەکەی نیشتنەجێبوون بە مامۆستایان بدەن
 
- پەرلەمانی کوردستان بەبێ دواکەوتن پڕۆژەیاسای پاراستنی مامۆستایان پەسندبکات کە دەبێتە هۆی ئەوەی مامۆستایان هەست بەئارامی بکەن.
 
- داوای دامەزراندنی ئەنجوومەنی باڵای پەروەردە و فێرکردن و ئەنجوومەنی پەروەردەی لاوەکی دەکەن.
 
- داوای دامەزراندنی ناوەندی توێژینەوە و لێکۆڵینەوە دەکیەن بۆ ئەوەی کار لەسەر خەوشەکان بکات.