پژاک: تیمێک لە گەریلاکانمان دیارنین

 
رووداو دیجیتاڵ
 
پارتی ژیانی ئازادی کوردستان - پژاک رایدەگەیێنێت ماوەیەکە ئاگایان لە تیمێک لە گەریلاکانیان نییە و لە لێکۆڵینەوەکانیان لەسەر دیارنەمانی ئەو گەریلایانە بەردەوامن.
 
پژاک لە راگەیێندراوەکەدا کە رۆژی 5-10-2020 بڵاویکردووەتەوە ئاماژەی بەوەداوە رۆژی 15ی ئەیلوولی 2020 لە ناوچەی نێوان مەهاباد و سەردەشت و لەنزیک گوندی چوارگا هەندێ رووداو قەوماون، بەڵام زانیاری و راست و جێگای متمانە لەبەردەست نین.
 
تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان رۆژی 24ی ئەیلوول بڵاویکردەوە، هێزە تایبەتەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێران و قەرارگای حەمزەی سوپای پاسداران – جێگیر لە پارێزگای ورمێ – لە نزیک گوندی چوارگا بە ئارپیجی تەقەیان لە ئۆتۆمبیلێک کردووە، کە کەسێکی بە ناوی خدر بایزیدی، خەڵکی گوندی بەرجۆی سەر بە شاری مەهابادی تێدابووە.
 
هەروەها بەپێی راپۆرتی رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، خدر بایزیدی زستانی رابردوو بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستان – پەکەکە دەستبەسەر کرابوو و بۆ ماوەی چەند مانگ لە بەندیخانەدا بووە.
 
هەنگاو دەڵێ: ئەو کەسانەی لەو ئۆتۆمبیلەدا بوون ئەندامی یەکێک لە حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بوون و دوای تەقاندنەوەی ئۆتۆمبێلەکە هێزە ئەمنییەکان تەرمەکانیان لەگەڵ خۆیاندا بردووە و بە بنەماڵەکانیان نەداوەتەوە.
 
پەژاک رایگەیاندووە، لەو رووداوەدا دوو کەسی مەدەنی خەڵکی ئەو ناوچەیەش بێسەرشوێن بوون و زانیارییان لەسەر ئەوانیش نییە "تەنانەت دیار نییە ئەو دوو رووداوە پەیوەندییان بە یەکترەوە هەیە یا نا".
 
دەقی راگەیێندراوەکەی پژاک:
 
بەپێی زانیارییەکانی بە دەستخراو لە رێکەوتی 25ی خەرمانانی ئەمساڵ لە هەرێمی ناوبەینی مەهاباد و سەردەشت لە نزیک ئاوایی چوارگا هەندێ رووداو قەوماون کە لەسەر چۆنێتی و دەرئەنجامەکانی ئەو رووداوانە زانیاری راست و جێگای متمانە بەدەستەوەنین، جێگای ئاماژیە کە لە کاتی ئەو رووداوەوە هەتا ئێستا، ئاگاداریمان لە تیمێکی هەڤاڵانمان نییە و سەرەڕای هەموو بەدواداچوون و لێکۆڵینەوەکانمان، بابەتەکە بە ناشەفافی ماوەتەوە، هەروەها دەبێ ئاماژە بکەین کە لە هەمان رێکەوت دوو کەسی مەدەنی خەڵکی ئەو ناوچەیەش بێسەروشوێنن و زانیاریان لەسەر نییە، تەنانەت دیار نییە کە ئەو دوو رووداوە پەیوەندیان بە یەکەوە هەیە یا نا، ئێمە وەک پارتی ژیانی ئازادی کوردستان بەردەوامین لە لێکۆڵینەوە لەسەر ئەو بابەتانە و بە مەرجی بەدەستخستنی هەرجۆرە هەواڵی نوێ سەبارەت بەو رووداوانە گەلەکەمان ئاگادار دەکەینەوە.
 
جێگای ئاماژەیە کە دامودەزگاکانی سەر بە رژێمی داگیرکەری ئێران لەو هەرێمە، لەو چوارچێوەیەدا شەڕێکی تایبەت بەڕێوە دەبەن و بەردەوام  مژارەکان شلوێتر، ناڕوونتر و چەواشە دەکەن، هەوڵدانیان ئەوەیە کە لەو نێوەندەدا ئامانجە قێزوەنەکانیان بپێکن، لەبەر ئەوەش پێویست دەکات گەلەکەمان لە بەرامبەر ئەو جۆرە کردارانە وشیار بێت و هەتا بە شێوازێکی رەسمی لە لایەن پارتیمانەوە بابەتەکان پشتڕاست نەکرێنەوە بە هیچ شێوازێک متمانە بە دەزگا و سەرچاوەکانی شەڕی تایبەت نەکەن.