رووداو دیجیتاڵ
سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان سەرکۆنەی چوونە سەر دەزگای رووناکبیری و راگەیاندنی چاودێر لەلایەن هێزێکی کۆماندۆ لە شاری سلێمانی دەکات و دەڵێت: "نیشانەی پێشێلکردنی یاسا و پڕەنسیپەکانی یاسای راگەیاندن و ئازادی رادەربڕینە".
لیژنەی داکۆکی لە ئازادی رۆژنامەنووسی و مافی رۆژنامەنووسان لە سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان، راگەیێندراوێکی لەبارەی داخستنی دەزگای رۆشنگەریی چاودێر و بنکەی رووناکبیریی گەلاوێژ لە گردی ئەندازیاران لە سلێمانی لەلایەن هێزێکی ئەمنییەوە بڵاوکردەوە، کە تێیدا هاتووە: "دوێنێ 5-9-2024، هێزێکی کۆماندۆ دوور لە هەموو پرەنسیپێکی ئیتیکی و یاسایی هەڵدەکوتنە سەر دەزگای رووناکبیری و راگەیاندنی چاودێر لە شاری سلێمانی و دایدەدەخەن و دەست بەسەر هەموو کەلوپەلەکەیدا دەگرن".
سەرکۆنەی رووداوەکەش دەکات و دەڵێت: "بە تووندی سەرکۆنەی ئەو جۆرە رەفتارانە بەرامبەر هەر دەزگایەکی رۆشنبیری و راگەیاندن دەکەین و بە مەترسی بۆ سەر ئازادی رادەربڕین و رەوتی رۆشنبیریی گەلی کوردستانی دادەنێین، ئەمە نیشانەی پێشێلکردنی یاسا و هەموو پرەنسیپەکانی یاسای راگەیاندن و ئازادی رادەربڕینە".
لیژنەکە دەشڵێت، "رووداوەکە دۆخێکی نائارامی و دڵەڕاوکێ و بێزاریی لای دانیشتووانی ئەم ناوچانە دروستکردووە".
لیژنەی داکۆکی لە ئازادی رۆژنامەنووسی و مافی رۆژنامەنووسان داوا دەکات: "هەرچی زووترە بەر لەم جۆرە کارانە بگیرێت و مافی کارکردن بۆ دەزگای ناوبراو بگەڕێندرێتەوە، لەکاتی لێپێچینەوە لە هەر دەزگایەکی راگەیاندن رەچاوی یاسای رۆژنامەگەری ژمارە 35ـی ساڵی 2007 بکرێت".
رۆژی پێنجشەممە 5ـی ئەیلوولی 2024، هێزێکی ئەمنی لە سلێمانی دەستی بەسەر دەزگای رۆشنگەریی چاودێردا گرت، کە مەلا بەختیار، ئەندامی پێشووی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی خاوەندارێتی دەکات. مەلا بەختیاریش دەڵێت، "بێدەنگ نابین و هەوڵدەدەین بەرەیەکی فراوان دروستبکەین".
دەزگاکە لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، کاژێر 5:00ی ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 05-09-2024، "هێزێکی کۆماندۆ، چوونە سەر بارەگای سیاسەتمەدار و رۆشنگەر مەلا بەختیار و دەزگای رۆشنگەریی چاودێر و بنکەی رووناکبیریی گەلاوێژ لە گردی ئەندازیاران. هێزەکە پاسەوانەکانی دەزگای چاودێرییان ئیزن داوە و دەستیان بەسەر تەواوی کەلوپەلی دەزگاکەدا گرتووە".
دەزگاکە ئاماژەی بەوە کردووە: "ئێمە وەکو تۆڕی ناوەندی رۆشنگەریی چاودێر، سەرکۆنەی ئەو کردەوەیە دەکەین و ئەم کارە بە پێشهاتێکی مەترسیدار بۆ سەر ئازادیی نووسین، ئازادیی بیروڕا و ئازادی ویژدان دەزانین".
دامەزراوەی دارایی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش لەبارەی رووداوەکەوە رایگەیاند: "دەزگاکە بۆ راپەڕاندنی ئەرکە رێکخراوەییەکان بەکاردەهێنرێت و شوێنەکە تەرخاندەکرێت بۆ دامەزراوەیەکی دیکە کە خزمەت بە بەرژەوەندیی گشتی و گەشەپێدانی سلێمانی و خەڵکەکەی بکات".
دواتر مەلا بەختیار، لە روونکردنەوەیەکدا رەخنەی تووندی لەو رێکارانەی دژ بە دەزگاکەی کراون گرت و جگە لە هۆشداریدان لە تێکچوونی دۆخی یەکێتی، رەخنەی تووندی لە بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەت گرت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ