وەزیری بازرگانی: یەکشەممە بەشێک لە پارەی گەنمی جووتیاران دەنێردرێت

رووداو دیجیتاڵ
 
وەزیری بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، سەرەتای هەفتەی داهاتوو گوژمەیەک لە شایستە داراییەکانی جووتیارانی هەرێمی کوردستان لەلایەن حکومەتی عێراقەوە دەنێردرێت.
 
رۆژی هەینی 6ـی ئەیلوولی 2024، کەمال موسلیم، وەزیری بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بڕیارە رۆژی یەکشەممەی هەفتەی داهاتوو لەلایەن حکومەتی عێراقەوە گوژمەیەک پارە وەکو شایستە داراییەکانی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان بنێردرێت و بگات."
 
بەگوتەی وەزیری بازرگانی، ئەو پارەیەی دەنێردرێت هەموو پارەی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان نییە کە نزیکەی 500 ملیار دینارە.
 
وەزیری بازرگانی و پیشەسازیی ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد هەفتەی داهاتوو شایستە داراییەکانی جووتیارانی پارێزگاکانی کەرکووک و نەینەواش دەنێردرێت.
 
شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رۆژی چوارشەممە، 4-9-2024 بە رۆژنامەڤانانی گوت: "سەرۆکوەزیرانی عێراق ئەمڕۆ تەلەفۆنی بۆ کردم لەسەر بابەتی پارەی جووتیاران و گوتی ئەمڕۆ بڕیارم دا نزیکەی 200 ملیار دینار پارەی گەنمی جووتیاران خەرج بکەم."
 
ئەو، لێی پرسیوە "بۆچی پارەکە بەسەریەکەوە نانێرن؟'' سوودانیش لە وەڵامدا پێی راگەیاندووە "کێشەی سیولەیان هەیە'' ئەگینا هەموو پارەکەیان پێکەوە خەرج دەکرد.
 
نزیکەی یەک تریلیۆن و 150 ملیار دیناری شایستەی دارایی هەموو جووتیارانی عێراق ماوە بە هەرێمی کوردستانیشەوە. بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، سوودانی وەک هەنگاوی یەکەم؛ رەزامەندی لەسەر خەرجکردنی 500 ملیار دینار داوە، کە بەشێکی بۆ هەرێمی کوردستان و ئەوەی دیکەی بۆ پارێزگاکانی نەینەوا، کەرکووک و سەلاحەدینە.
 
ئەم ساڵ حکومەتی عێراق بڕیاری دا 700 هەزار تۆن گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەربگرێت؛ لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە 282 هەزار و 660 تۆن، لە پارێزگای هەولێر 228 هەزار تۆن و لە پارێزگای دهۆکیش 189 هەزار تۆن.