یەکێتی: خاوەنداریی زەویی باڵەخانەی چاودێر بۆ حیزب دەگەڕێتەوە، بۆیە وەرگیراوەتەوە

رووداو دیجیتاڵ

مەکتەبی سیاسیی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، دەزگای چاودێر لە سەرەتای دامەزراندنیەوە بە پاڵپشتیی دارایی حیزبەکەی کارەکانی ئەنجامداوە. ئاماژە بەوەش دەکات، مەلا بەختیار لە حیزبەکە نەماوە؛ بۆیە بارەگاکەیان وەرگرتووەتەوە.
 
لە راگەیێندراوەکەدا کە ئەمڕۆ هەینی بڵاوکراوەتەوە، مەکتەبی سیاسیی یەکێتی دەڵێت، "بەڕێز مەلا بەختیار لە ریزەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا نەماوە و روونبووەوە کە بارەگای دامەزراوەکە رادەست ناکرێت و نایەوێت لەژێر چەتری یەکێتیدا درێژە بە کارەکانی بدات. یەکێتی بە مافی رەوای خۆی دەزانێت بە شێوەیەکی ھێمنانە و دوور لە ھەموو جۆرە گرژییەک، ھەوڵی وەرگرتنەوەی بارەگای دەزگای چاودێر بدات کە خاوەندارێتیی زەوی و بارەگاکە دەگەڕێتەوە بۆ یەکێتی."
 
5ی ئەیلوولی 2024 هێزێکی ئەمنی لە سلێمانی دەستی بەسەر دەزگای رۆشنگەریی چاودێردا گرت، کە مەلا بەختیار، ئەندامی پێشووی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان خاوەندارێتیی دەکات.
 
6ی ئەیلوول مەلا بەختیار لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا گوتی، "ئەوەی روویدا پێشێلکردنی تەواوەتی ئازادی و مافی رادەربڕینە. ئەگەر ئەم جۆرە سیاسەتی کپکردنی دەنگی ئازادە بەردەوام بێت، کارەساتی گەورەتر روودەدات. هیچ ئاگادارکردنەوەیەکیان بۆ نەناردین و لەناکاو بەسەریاندا داین و بارەگاکەیان داخستین."
 
لەوبارەیەوە مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لە راگەیێندراوەکەیدا دەڵێت، "ئەم ھەوڵە نەوەک پەیوەندی بە ئازادیی رادەربڕین و دژایەتیکردنی بیری ئازادەوە نییە، بەڵکو پاڵپشتیی ئازادیی کاری رۆژنامەوانی و فراوانکردنی سنوورەکانی دیموکراسی، ستراتیژی نەگۆڕی یەکێتی بووە و ھەرواش دەمێنێتەوە."
 
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا، مەکتەبی سیاسیی یەکێتی رایگەیاندووە، "ئەم ھەوڵەی یەکێتی درێژکراوەی ھەوڵەکانی حیزبەکەیە بۆ رێکخستنەوەی دەزگاکانی و باشتر خزمەتکردنی کوردستان و خەڵکەکەی. ھەموو دەنگۆیەکیش سەبارەت بە جووڵاندنی ھێزی سەربازی بۆ وەرگرتنەوەی بارەگاکە رەتدەکەینەوە."
 
هەر ئەمڕۆ هەینی، مەلا بەختیار، بە رووداوی گوت، "ئێمە یەکێتییەکی رەسەنین. ئاراستەی گۆڕانکاری و شانازییەکانی مێژوو لای ئێمەن. هیچ کەسێک نییە لەم کوردستانە تۆزقاڵێک دەرکی سیاسی هەبێت، باوەڕ بکات کە ئێمە لە یەکێتی نەماوین."
 
مەلا بەختیار گوتیشی، "لە کۆبوونەوەکان (کۆبوونەوەکانی یەکێتیی ئێستا) بەشداریم نەکردووە؛ لە پێنجەمین کۆنگرە نەبووم؛ باوەڕم بە پەیڕەوی ناوخۆکەیان نییە؛ ئەمانە لە سێ مانگدا سێ پەیڕەوی ناوخۆییان دانا. لەبەرئەوە لە هەڵبژاردندا ئازادم."