مەلا بەختیار بۆ رووداو: کام لیستم بەدڵ بێت دەنگی پێدەدەم

 
رووداو دیجیتاڵ

مەلا بەختیار دەڵێت، لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا کام بەربژێر و لیستی بەدڵ بێت، دەنگی پێدەدات.
 
ئەمڕۆ هەینی مەلا بەختیار، ئەندامی پێشووی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان قسەی بۆ پێشەوا بەختیار، پەیامنێری رووداو کرد و لەبارەی دەنگدانی لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستاندا گوتی، "کام لیستم بەدڵ بێت دەنگ بەوە دەدەم؛ کام کاندید و کام لیست بزانم لە پەرلەمان بەرگری لە ئازادی، دیموکراسی و ئامانجە ستراتیژییەکانی من دەکات، دەنگی پێدەدەم."
 
مەلا بەختیار لەبارەی ئەندامبوونی لە یەکێتیش گوتی، "ئێمە یەکێتییەکی رەسەنین. ئاراستەی گۆڕانکاری و شانازییەکانی مێژوو لای ئێمەن. هیچ کەسێک نییە لەم کوردستانە تۆزقاڵێک دەرکی سیاسی هەبێت، باوەڕ بکات کە ئێمە لە یەکێتی نەماوین."
 
مەلا بەختیار لە درێژەی گوتەکانیدا بۆ پێشەوا بەختیار گوتی، بەڵام "ئێمە ئەم یەکێتییە(ی ئێستا) نین؛ هەرگیز تەوقی ئەم یەکێتییە لە گەردنی ئێمە نابێت. ئەوە کۆتاییهات. ئەم تەوقە پیرۆز بەوان بێت."
 
مەلا بەختیار هەروەها گوتی، "لە کۆبوونەوەکان (کۆبوونەوەکانی یەکێتیی ئێستا) بەشداریم نەکردووە؛ لە پێنجەمین کۆنگرە نەبووم؛ باوەڕم بە پەیڕەوی ناوخۆکەیان نییە؛ ئەمانە لە سێ مانگدا سێ پەیڕەوی ناوخۆییان دانا. لەبەرئەوە لە هەڵبژاردندا ئازادم."
 
مەلا بەختیار لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیشدا لەبارەی رووداوەکەی دوێنێ قسەی کرد و گوتی، ئەوەی روویدا "پێشێلکردنی تەواوەتی ئازادی و مافی رادەربڕینە" و رایگەیاند،"ئەگەر ئەم جۆرە سیاسەتی کپکردنی دەنگی ئازادە بەردەوام بێت، کارەساتی گەورەتر روودەدات. هیچ ئاگادارکردنەوەیەکیان بۆ نەناردین و لەناکاو بەسەریاندا داین و بارەگاکەیان داخستین."
 
رۆژی 5ـی ئەیلوولی 2024، هێزێکی ئەمنی لە سلێمانی دەستی بەسەر دەزگای رۆشنگەریی چاودێردا گرت کە مەلا بەختیار خاوەندارێتی دەکات. 
 
لە هەمان کۆنفرانسی رۆژنامەڤانیدا فەرەیدوون عەبدولقادر، ئەندامی پێشووتری مەکتەبی سیاسیی یەکێتی سەبارەت بە کەرکووک و پێکهێنانی حکومەتی خۆجێیی ئەو پارێزگایە قسەی کرد و گوتی، "هەموو خەمێکی مام جەلال بۆ بە کوردستانیی ناساندنەوەی کەرکووک بوو. ئەم یەکێتییەی ئێستا وازی لە کوردستانیبوونی کەرکووک هێناوە و لەبەر پلە و پۆست لەگەڵ عەرەبەکان رێککەوتووە، جگە لەوەی بەتەواوەتیی دەستبەرداری مادەی 140ـیش بوون."
 
ئەو قسانەی فەرەیدوون عەبدولقادر لەکاتێکدان، بێ بەشداریی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەرەی تورکمانی و بەشێکی عەرەبی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، رۆژی 10ـی ئابی 2024، ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک لە بەغدا کۆبووەوە. رێبوار تەها لە پشکى یەکێتیی نیشتیمانیى کوردستان وەک پارێزگار و محەممەد حافز وەک سەرۆکى ئەنجوومەنى پارێزگا هەڵبژێردران.