سەندیکای شۆفێرانی سلێمانی: تەکسی سەرنشین ناچار بکات لە تێرمیناڵ دابەزێت لێپێچینەوەی لەگەڵ دەکرێت

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
سۆران حوسێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

چەند مانگێکە بەشێکی تەکسییەکانی هێڵەکانی دەرەوەی شاری سلێمانی، لە کاتی گەیاندنی سەرنشین بە شارەکە، لە تێرمیناڵی نوێی دەرەوەی شار ناچاریان دەکەن دابەزن. سەرۆکی سەندیکای شۆفێرانی شارەکە دەڵێت، هاونیشتمانییان ئاگاداریان بکەنەوە، لێپێچینەوە لە شۆفێرەکە دەکەن.
 
ئازاد ئەحمەد، سەرۆکی سەندیکای شۆفێرانی سلێمانی ئەمڕۆ هەینی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "زیاتر لە مانگێکە نووسراومان بۆ هەموو هێڵەکانی دەرەوەی شار کردووە، کە دەبێت ئۆتۆمبێلی هێڵەکان هەر سەرنشینێک دەهێننە سلێمانی تاوەکو بەردەم دادگە بیگەیێنن لەنێو شار، نەوەک لە تەرمیناڵ دایانبەزێنن."
 
تێرمیناڵی نوێی سلێمانی لەسەر رێگەی تاسڵوجە – سلێمانییە. ماوەیەکە بەشێکی شۆفێرەکانی هێڵەکانی گواستنەوە هاونیشتمانیان ناچار دەکەن لە تێرمیناڵەکە دابەزن. هاونیشتمانیانیش بە تایبەت لە شەواندا ناچار دەبن بە تەکسییەکی دیکە خۆیان بگەیێننە نێو شار.
 
سەرۆکی سەندیکای شۆفێرانی سلێمانی دەڵێت، "بڕیارێک هەبوو بۆ ئەوەی سەرنشینان لە تێرمیناڵە نوێیەکە دابەزێندرێن، بەڵام نەچووەتە بواری جێبەجێکردنەوە و هیچ تەکسییەک مافی ئەوەی نییە سەرنشین ناچار بکات لە تێرمیناڵ دابەزێت."
 
ئازاد ئەحمەد گوتیشی، هەر سەرنشینێک ئەو تەکسییەی لە دەرەوەی شارەوە گەیاندوویەتی ئامادەنەبوو بیگەیێنێتە بەردەم دادگەی سلێمانی، ئەوە دەتوانێت ژمارەی سەر لۆگۆی تەکسییەکە یان ژمارەی ئۆتۆمبێلەکە تۆمار بکات و سەندیکاکەیان لێ ئاگادار بکاتەوە بۆ ئەوەی لێپێچینەوەی لەگەڵ بکەن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە