کۆمەڵە: دەبێت سنوورێک بۆ گوشارەکانی ئێران و عێراق دابنرێت

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
رووداو @Rudawkurdish
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

کۆمەڵە، رێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران راگەیێندراوێکی لەبارەی گواستنەوەی دانیشتووانی بارەگاکانی سێ لایەنی کۆمەڵە بۆ کەمپی سوورداش بڵاوکردەوە و تێیدا دەڵێت، تاوەکو ئێستا دەقی رێککەوتنی ئەمنیی نێوان ئێران و عێراقیان پێنەداون، بەڵام پێدەچێت، گواستنەوەی بنکە و بارەگای حیزبەکان یەکێک بێت لە خاڵەکانی ئەو رێککەوتنە.
 
کۆمەڵە رایگەیاند، لە گفتوگۆکانی یەک ساڵی رابردوویاندا لەگەڵ وەفد و بەرپرسانی حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان دژایەتیی خۆیان لەگەڵ گواستنەوەی بارەگاکانیان دەربڕیوە و پێیان راگەیاندوون، بارەگاکانیان تەنیا خەڵکی سڤیلی تێدایە، بەڵام گفتوگۆکانیان ئەنجامی نەبووە و قبووڵیان نەکردووە لە شوێنی خۆیان بمێننەوە.
 
لە راگەیێندراوی کۆمەڵەدا ئەوەش هاتووە، ئێران دەیەوێت بە گواستنەوەی بنکە و بارەگای حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان زیان بە هاوپەیوەندی و هاوپشتی رۆژهەڵات و باشووری کوردستان بگەیێنێت و دەڵێت، "دووکەڵی ئەم سیاسەتە دەچێتە چاوی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان."
 
کۆمەڵە داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات، هێڵی سوور بۆ داواکاری و گوشارەکانی ئێران و حکومەتی عێراق دابنێت.
 
لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە، ئەندام و لایەنگرانی سەرەکیی کۆمەڵە و پارتەکانی دیکەی رۆژهەڵاتی کوردستان لە نێوخۆی رۆژهەڵاتی کوردستانن و چالاکیی سیاسی و مەدەنییان بەردەوام دەبێت.
 
کۆمەڵە، رێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران رایگەیاندووە، بەشێک لە ئەندامانی گواستراونەتەوە بۆ کەمپی سوورداش و دوای ئامادەکردنی خانوو و پێداویستییەکانی دیکە، ئەندامانی دیکەشیان دەچنە کەمپەکە.
 
رۆژی پێنجشەممە 05-09-2024 بەشێک لە دانیشتووانی بارەگاکانی کۆمەڵە لە کەمپی سوورداش، سەر بە قەزای دووکان، نیشتەجێبوون. 
 
بەرپرسانی ئەمنی و ئیداریی سلێمانی بە لایەنەکانی کۆمەڵەیان راگەیاندووە، دەبێت تاوەکو 10ی ئەیلوول بارەگاکانیان چۆڵ بکەن، کە بارەگای هەر سێ حیزبی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان، کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران و کۆمەڵە، رێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێرانن.
 
سێ لایەنەکەی کۆمەڵە پێشتر هەموویان یەک حیزب بوون و لە ساڵی 2000 و 2007 لێک جیابوونەتەوە. 33 ساڵە لە نزیک سلێمانی نیشتەجێن و ئەندام و خێزانی کادر و پێشمەرگەکانیان لە بارەگاکانی زڕگوێز، زڕگوێزەڵە و بانەگەورە لە نزیک سلێمانی نیشتەجێن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە