تەکسی میتەر لە هەرێمی کوردستان جێبەجێ دەکرێت

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی سەندیکای گواستنەوە و گەیاندنی هەولێر رایگەیاند، وەزارەتی گواستنەوە سەرقاڵی ئامادەکارییە بۆ جێەجێکردنی پڕۆژەی تەکسی میتەر. دەشڵێت، "لە هەموو پارێزگاکانی کوردستان کرێی گواستنەوە یەک نرخ دەبێت."
 
سەید زەکەریا عەزیز، سەرۆکی سەندیکای گواستنەوە و گەیاندنی پارێزگای هەولێر بە رووداوی گوت، "وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن بەردەوامە لە کارەکانی بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەی تەکسی میتەر، کە بریتییە لە دانانی بژمێر لە سەرجەم تەکسییەکان و بەپێی دوور و نزیکیی رێگە، کرێی گواستنەوە لە سەرنشینان وەردەگیرێت."
 
سەرۆکی سەندیکای گواستنەوە و گەیاندنی پارێزگای هەولێر ئاماژەی بەوە دا، وەزارەتی گواستنەوە ساڵێکە کار لەسەر پڕۆژەکە دەکات، بەڵام هێشتا نرخی بژمێرەکە کە دەدرێت بە شۆفێران دیاری نەکراوە، هەروەها ئەو نرخەش دیاری نەکراوە کە لە سەرنشینان وەردەگیرێت، بەڵام لە هەموو پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان یەک نرخ دەبێت.
 
پڕۆژەکە، بەپێی سەرۆکی سەندیکای گواستنەوە و گەیاندنی هەولێر، بریتییە لە ئامێرێک کە لەنێو تەکسییەکاندا دادەنرێت، بڕی ئەو دوورییە هەژمار دەکات کە سەرنشین لەکاتی سەرکەوتنی تاوەکو دابەزینی لە تەکسییەکەدا پێیدەچێت، هەروەها ئەو پارەیەی کە دەبێت وەکو کرێ بدرێتە شۆفێری تەکسییەکە.
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن دەیەوێت سەرەتای ساڵی داهاتوو پڕۆژەکە جێبەجێ بکات، چونکە بەشێکی باشی کارەکانی تەواو بووە، ئێستاش لەگەڵ ژمارەیەک کۆمپانیا لە دانوستاندایە بۆ دەستەبەرکردنی ئامێرەکانی بژمێری نێو تەکسییەکان.
 
سەرۆکی سەندیکای گواستنەوە و گەیاندنی پارێزگای هەولێر، دەڵێت، "پڕۆژەکە بۆ شۆفێرانی تەکسی و بۆ سەرنشینانیش باش دەبێت، چونکە داهاتی شۆفێران زیاتر دەبێت و سەرنشینەکانیش ئیدی وا هەست ناکەن پارەی زیادەیان لێوەدەگیرێت."
 
ئەم ساڵ وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن رێنوێنیی ژمارە 1ی دەرکرد، کە تایبەت بوو بە "کارکردن و وەگەڕخستنی ئامێری تەکسی میتەر و رێکارەکانی پێدانی مۆڵەت لە هەرێمی کوردستان."
 
ئامانجەکانی پڕۆژەکە لەنێو ئەو رێنماییەدا بە شەش خاڵ دیاریکرابوو، ئەوانیش "کەمکردنەوەی جەنجاڵی شەقامەکان، پاراستنی ژینگە، کەمکردنەوەی خەرجی سووتەمەنی و وزە، نەهێشتنی بابەتی قۆرخکار و هەڵقۆستنەوەی سەرنشین، رێگری لە کێشەی کۆمەڵایەتی، پاراستنی هاوسەنگی نرخ لەنێوان سەرنشین و شۆفێر."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە