دوو شار و 510 گوندی پارێزگای کرماشان کێشەی کەمئاوییان هەیە

 
رووداو دیجیتاڵ

510 گوند و دوو شاری کرماشان کێشەی کەمئاوییان هەیە و دانیشتووانەکانیان ئاوی پێویستیان پێناگات.
 
محەممەدتەیب سەحرایی، پارێزگاری کرماشان رایگەیاند، لە سێ ساڵی رابردوودا کێشەی ئاوی 350 گوند چارەسەر کراوە. هەروەها کێشەی ئاوی شاری کەنگەڤەریش چارەسەر کراوە، کە ژمارەی دانیشتووانی 54 هەزار کەسە و ئاوی پێویستیان نەبوو.
 
بە گوتەی پارێزگاری کرماشان، بەگشتی 860 گوند و شارەکانی کەنگەڤەر، هەرسین و جوانڕۆ کێشەی کەمیی ئاویان هەبوو و توانیویانە لەو ماوەیەدا کێشەی کەمئاوی لە 350 گوند و شارێک چارەسەر بکەن، 116 ملیار تمەنیان لە چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە خەرج کردووە.
 
پارێزگاری کرماشان دەڵێت، بەشێک لە دانیشتووانی گوندەکان ئاوی ماڵان بۆ ئاودانی باخچە و زەوییە کشتوکاڵییەکان بەکاردەهێنن و ئەوە هۆکارێکی نەگەیشتنی ئاوە بە گوندەکانی دیکە.