ئەمریکا: داوا لە تورکیا دەکەین لە ئۆپەراسیۆنەکانیدا لە هەرێمی کوردستان خەڵکی سڤیل بپارێزێت

06-09-2024
نیاز مستەفا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، دڵخۆشن بەو رێککەوتنە ئەمنییەی لەنێوان حکومەتی عێراق و تورکیا سەبارەت بە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانیان واژۆ کراوە. دەشڵێت، بەردەوام دەبن لە هەماهەنگیکردن لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق.

رۆژی هەینی 6ی ئەیلوولی 2024 گوتەبێژێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە دیار کوردە، بەڕێوبەری نووسینگەی رووداو لە واشنتنی راگەیاند، "دڵخۆشین بە رێککەوتنی هاوئاهەنگیی ئەمنیی مانگی ئابی 2024 لەنێوان حکومەتی عێراق و تورکیا."

شاندی باڵای ئەمنیی عێراق و تورکیا 15ی ئابی ئەم ساڵ لە ئەنقەرە لەسەر ئەو لێکتێگەیشتنە رێککەوتن کە لەلایەن سابت عەباسی، وەزیری بەرگریی عێراق و یاشار گولەر، وەزیری بەرگریی تورکیا واژۆ کرا. بەپێی لێکتێگەیشتنەکە، عێراق و تورکیا ناوەندی هاوئاهەنگیی ئەمنیی هاوبەش لە بەغدا دادەمەزرێنن، کە سەر بە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان دەبێت و بە هاوبەشی لەنێوان کۆماری عێراق و کۆماری تورکیا بەڕێوەدەبرێت.

ئەرکی ناوەندە هاوبەشەکە ئاڵوگۆڕی زانیاریی هەواڵگریی مەیدانییە لەسەر سنووری هاوبەش و گەیاندنی هەر زانیارییەک کە رەهەندی ئۆپەراسیۆنی و ستراتیژییەتی بۆ بارەگای باڵای هەردوو لایەن هەبێت. 

یاداشتنامەکە لە 10 مادە و چەندین خاڵ پێکهاتووە، تێیدا بە وردی باسی شێوازی کارکردنی هەردوولا (عێراق و تورکیا) کراوە بۆ هاوئاهەنگیکردن بۆ "پاراستنی بەرژەوەندییە ئەمنی و نیشتمانییەکانیان و برەودان بە هاوئاهەنگیی ئەمنی و سەربازی و هەواڵگری لە رێگەی ئاڵوگۆڕکردنی زانیارییەکان سەبارەت بە رێکخراوە تیرۆرستییەکان."
 
هەروەها، وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەو لیژنە هاوبەشە ئەندام دەبێت کە بە سەرۆکایەتیی سوپاسالاری هەردوو وڵاتی عێراق و تورکیا پێکدەهێنرێت و سەرپەرشتیی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنەکە دەکەن.

ئەو گوتەبێژەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کرد، "بەردەوام دەبین لە هاندانی حکومەتی تورکیا بۆ هەماهەنگیکردن لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی سەر سنوور و پاراستنی هاووڵاتییانی سڤیل لە مەترسی."

بەپێی ئامارەکانی رێکخراوی تیمەکانی دروستکەری ئاشتیی کۆمەڵگە (CPT) ـی ئەمریکی، کە ناوەڕاستی مانگی رابردوو بڵاویکردەوە، لەماوەی زیاتر لە 33 ساڵدا بەهۆی هێرشەکانی تورکیا و ئێرانەوە 845 کەسی سڤیل لە هەرێمی کوردستان بوونەتە قوربانی، لەو ژمارەیەش 425ـیان گیانیان لەدەستداوە، زۆرترین قوربانییەکانیش بەهۆی هێرشەکانی تورکیاوە بووە.

ئەو گوتەبێژەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەشڵێت، "ئاگاداری ئەو مەترسییەن کە پارتی کرێکارانی کوردستان دروستیکردووە."

واژۆکردنی یاداشتنامەکە لە چوارەم کۆبوونەوەی شاندی باڵای ئەمنیی نێوان عێراق و تورکیا لەکاتێکدا بوو کە یەکەم کۆبوونەوەی هەردوو شاند لە 2019 لە ئەنقەرە کرا. کۆبوونەوەی دووەمیان لە رۆژی 19ـی کانوونی یەکەمی 2023 بوو، ئەوکات بۆ یەکەمجار لە راگەیێندراوی کۆتاییدا پەکەکە وەک "هەڕەشەی هاوبەش" ناسێندرا. رۆژی 14ـی ئاداری 2024، سێیەم کۆبوونەوەیان لە بەغدا کرا. تێیدا راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، پەکەکە ـی خستە لیستی رێکخراوە قەدەخەکراوەکانی عێراق.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە