سەرۆکی کۆمەڵەی کوردی بەریتانیا: قەرەبووی ئەو پەنابەرانە دەکرێتەوە کە هێرشیان کرایە سەر

رووداو دیجیتاڵ
 
سەرۆکی کۆمەڵەی کوردی بەریتانیا دەڵێت، پێشتر لە بەریتانیا رێزێکی تایبەت لە پەناخوازان و کۆچبەران دەگیرا، بەڵام ئێستا وەکو پێشوو نییە. دەشڵێت: ''کۆچبەر هەیە ساڵێک و شەش مانگە هاتووە، بەڵام هێشتا چاوپێکەوتنی لەگەڵ نەکراوە.''
 
ئەمڕۆ هەینی 06-09-2024 محەممەد جەلال بەرزنجی، سەرۆکی کۆمەڵەی کوردی بەریتانیا لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 10:00ـێ تۆڕی میدیایی رووداو، کە محەممەد عیزەدین پێشکێشیکرد، لەبارەی دۆخی کۆچبەرانی نایاسایی رایگەیاند: ''ئەوانەی کە لە رێگەی نایاساییەوە دێن بۆ ئەورووپا و بەریتانیا تووشی تراژیدیایەکی قورس دەبن''.
 
محەممەد جەلال گوتی، ساڵی 2017 کاتێک سەردانی کامپی کاڵاسیان لە باکووری فەرەنسا لەسەر سنووری دەریایی لەگەڵ بەریتانیا کردووە، زیاتر لە دوو هەزار کۆچبەری تێدابووە کە 80٪ـیان کورد بوون.
 
سەرۆکی  کۆمەڵەی کوردی بەریتانیا دەڵێت: ''ئێستا ژمارەیان بەراورد بە ساڵانی رابردوو کەمترە، چونکە پێشتر لە کاڵاس کامپێکی تایبەت هەبوو و کۆچبەران تێیدا دەمانەوە، بەڵام بەپێی رێککەوتنێکی نێوان فەرەنسا و بەریتانیا، کامپەکە رووخێنرا، بۆیە خەڵک چووە نێو دارستانەکانی دانکێخەوە و ئێستا لەوێدا دەژین''.
 
جەنگەڵستانی دانکیخ کە 235 کێلۆمەتر دەکەوێتە باکووری پاریس لە وڵاتی فەرەنسا، شوێنی قاچاخییەکان و کۆچبەرانە. ئەوێ بەمانای وشە جەنگەڵە و یاسا تێیدا سەروەر نییە. ئەوەی لەو جەنگەڵە حاکمە، قاچاخچییەکانی باشووری کوردستانن. بەبێ ئەوان کەس ناتوانێت بەوێدا تێبپەڕێت یان حوکم بکات.
 
چەندین ساڵە حکومەتی بەریتانیا بەهۆی هاتنی کۆچبەرانی نایاسایی بۆ وڵاتەکەی تووشی ئاڵنگارییەکی زۆر بووە. محەممەد جەلال دەڵێت: ''کیەر ستامەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا هەمووکات بەڵێنیداوە کە رێگە بە کۆچبەرانی نایاسایی نادات بێنە نێو خاکی وڵاتەکەیەوە، بەڵام ئەویش هێشتا نەیتوانیوە بە تەواوی رێگری لە هاتنیان بکات.''
 
سەرۆکی کۆمەڵەی کوردی بەریتانیا گوتیشی: ''ئێستا دۆخی کۆچبەران لە وڵاتەکە وەکو پێشوو نییە، پێشتر رێزێکی تایبەتیان لێدەگیرا و بە زووترین کات دۆسیەکەی یەکلایی دەکرایەوە، بەڵام ئێستا ئێمە خەڵکمان هەیە کە زۆربەیان خەڵکی باشوور و رۆژهەڵاتی کوردستانن، شەش مانگ تاوەکو یەک ساڵ و شەش مانگە هاتوون، بەڵام چاوپێکەوتنیان لەگەڵدا نەکراوە.'' 
 
بەگوتەی محەممەد جەلال بەرزنجی، وڵاتانی ئەورووپا داوا دەکەن کە کۆچبەران بە شێوەیەکی یاسایی بێن، نەک لە رێگەی نایاساییەوە. ''بەڵام بەداخەوە هەموو کات کورد بە ئاراستەی نایاساییدا هەوڵدەدات بێتە ئەو وڵاتە.''
 
وەک سەرۆکی کۆمەڵەی کوردی بەریتانیا دەڵیت، لە رابردوودا ژمارەیەکی زۆر هاووڵاتیی هیندی لە رێگەی کۆچی یاساییەوە چوونەتە وڵاتەکە، ''هەر کەسێک بیەوێت بێتە بەریتانیا، ئەو وڵاتە کۆمەڵێک یاسا و رێسای تایبەت بە خۆی هەیە، داواکردنی ڤیزەی هەیە، ئەوانەی دەیانەوێت بە یاسایی کۆچ بکەن، دەتوانن لە رێگەی خوێندن یان لە رێگەی بازرگانییەوە بێن.''
 
بەشێک لە کۆمەڵەی کوردی بەریتانیا تایبەتە بەو کەسانەی دەیانەوێت لە رێگەی یاساییەوە بچنە وڵاتەکە. محەممەد جەلال گوتی: ''بۆ خوێندن دەبێت زانکۆیەکی ئەم وڵاتە هەڵبژێریت و سیڤی بۆ بنێری، بە تایبەتی لە بەریتانیا پێویستیی زۆری بە کارمەندانی تەندروستی هەیە.'' گوتیشی، ''کاتێک سیڤییەکەی پێشکێشی زانکۆ کرد، ئەگەر زانیارییەکانی بەگوێرەی یاساکانی زانکۆکە بێت، ئەوە داواکەی قبووڵ دەکەن و ڤیزەی پێدەدرێت. ''
 
وەک سەرۆکی  کۆمەڵەی کوردی بەریتانیا دەڵێت، بۆ کۆچکردنی کەسێک لە رێگەی بازرگانیشەوە، مەرجە کارتی بانکی هەبێت و پارە بچێتە سەر هەژمارەکەی و رابکێشرێت، خاوەنکار بێت یان لای کەسێک کار بکات کە پاڵپشتی بکرێت، هەروەها دەبێ خانووی بە ناو بێت؛ ''ئەگەر ئەو مەرجانەی تێدا بوو، ئەو کەسە دەتوانێت داواکاریی وەرگرتنی ڤیزە پێشکێش بکات.''
 
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکانی وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا لە سەرەتای ئەم ساڵەوە 21 هەزار و 615  کۆچبەر چوونەتە ئەو وڵاتە کە ئێستا سەرەڕای سەختیی رێگەی گەیشتن، بەرەوڕووی تووندوتیژیی رەگەزپەرستان دەبنەوە.
 
رۆژی 4ی ئاب لەنێو شەپۆلی خۆپێشاندانی راستڕۆکانی بەریتانیا، نزیکەی 750 خۆپێشاندەری تووندڕۆ هێرشیان کردە سەر ئەو هۆتێلێک کە ژمارەیەک پەناخوازی تازەگەیشتووی بۆ بەریتانیا تێدا بوو. جەلال محەممەد هۆکاری سەرهەڵدانی رەگەزپەرستی لە بەریتانیا بۆ کوشتنی سێ منداڵ لەلایەن مێرمنداڵێکی ئەفریقی دەگەڕێنێتەوە.
 
سەرۆکی کۆمەڵەی کوردی بەریتانیا گوتی: ''ئەو منداڵەی کە تەمەنی ژێر 18 ساڵ بوو، خەڵکی رواندایە و موسڵمان نەبوو. یاسایەک لەو وڵاتە هەیە کە هەر کەسێکی ژێر 18 ساڵ تاوانێکی کرد، نابێ ناو و وێنەی بڵاو بکرێتەوە، راستڕۆکان ئەو هەلەیان قۆزتەوە و گوتیان بکوژ موسڵمانە.''
 
بەگوتەی محەممەد جەلال بەرزنجی، ئێستا دۆخی بەریتانیا ئاسایی بووەتەوە و ئەوانەی کە رووبەڕووی تووندوتیژی بوونەوە، لەلایەن حکومەتەوە قەرەبووکراونەوە و سەرجەم مزگەوت و شوێنی پەنابەرانیش هاوکارییەکی باشیان پێدرا بۆ ئەوەی بتوانن سەلامەتیی خۆیان بپارێزن.