پێشبینی دەکرێت 230 هەزار تۆن ترێ لە ورمێ هەبێت

06-09-2023
سینا سۆما
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

وەرزی لێکردنەوەی ترێ لە ورمێ دەستیپێکردووە و بەرپرسانی پارێزگاکە دەڵێن، پێشبینی دەکرێت ئەمساڵ 230 هەزار تۆن ترێ لەو پارێزگایەی رۆژهەڵاتی کوردستان هەبێت.
 
خەسرەو شەهبازی، بەڕێوەبەری رێكخراوی کشتوکاڵی پارێزگای ورمێ بە میدیای ئێرانی راگەیاند، رووبەری باخی ترێ لە پارێزگاکە دەگاتە 21 هەزار و 500 هێکتار کە 16 هەزار هێکتاری بەرئاو و 5500 هێکتاریشی دێمە.
 
خەسرەو شەهبازی گوتی، وەرزی لێکردنەوەی ترێ لە باخەکانی پارێزگای ورمێ دەستیپێکردووە و پێشبینی دەکەن ئەمساڵ بەرهەمەکە 230 هەزار تۆن بێت؛ ئاماژەی بەوەش کرد، لە دوای سێو زیاترین بەرهەمی باخەوانی لە پارێزگای ورمێ بریتییە لە ترێ و لەو رێگەیەشەوە دەرفەتی کار بۆ زیاتر لە 60 هەزار کەس لە دانیشتووانی پارێزگاکە دەڕەخسێت.
 
بەڕێوەبەری رێكخراوی کشتوکاڵی پارێزگای ورمێ باسی لەوەش کرد، زۆرترین ترێ لە سنووری شارەکانی ورمێ، میاندواو، سەردەشت و مهابادە و جەختی لەوەش کردەوە کە پارێزگاکە لە رووی بەرهەمهێنانی ئەو میوەیە لەسەر ئاستی ئێران لە دوای پارێزگاکانی فارس، قەزوین و خوراسانی رەزەوی بە پلەی چوارەم دێت.
 
بە گوتەی خەسرەو شەهبازی، زیاتر لە 30 جۆر ترێ لە باخەکانی ئەو پارێزگایە بەرهەم دێت؛ دەشڵێت، نزیکەی 60٪ی ترێی پارێزگاکە لە نێوخۆ دەفرۆشرێت و بەشێکی هەناردەی دەرەوەی وڵات دەکرێت. بەشێکیش دەکرێتە شەربەت و مێوژ.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە