حکومەت پێشنیازی کۆبوونەوەیەکی فراوانی هێز و لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان دەکات

رووداو دیجیتاڵ 

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەی ئاسایی ئەمڕۆیدا داوای لە هێز و لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان کرد یەکدەنگ و یەکهەڵوێست بن لە داکۆکیکردن لە ماف و دەسەڵات و شایستە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان. بۆ ئەم مەبەستەش، پێشنیازی سازدانی کۆبوونەوەیەکی فراوانی هێز و لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستانی کرد.
 
لە راگەیێندراوی کۆبوونەوەی ئەمڕۆ (چوارشەممە، 6-9-2023)ـی ئەنجوومەنی وەزیراندا لەبارەی هۆکاری داواکارییەکەیان بۆ کۆبوونەوە فراوانەکە، دەڵێ "بۆ خستنەڕووی ڕاستییەکان"ـە.
 
ئەنجوومەنی وەزیران هەروەها داوا لە هێز و لایەنە سیاسییە سەرەکییەکانی پێکهێنەری حکومەتی عێراق دەکات، شایستەکانی هەرێم وەک لە خشتەکانی بودجەدا هاتووە، خەرج بکرێت و "پابەند بن بە مینهاجی وەزاریی و رێککەوتنە سیاسییەکانی پێکهێنانی حکومەت و لەو چوارچێوەیەشدا، مامەڵە لەگەڵ ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستاندا بکەن."