ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان داوادەکات بەغدا شایستە داراییەکانی بەپێی ژمارەکانی بودجە بنێرێت
رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەی ئاسایی خۆیدا، ئەمڕۆ داوای لە حکومەتی فیدراڵی کرد، شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بەو ژمارانەی لە خشتەکانی بودجەدا هاتوون، بۆ هەرێمی کوردستان خەرج بکات.
لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ (چوارشەممە، 6-9-2023)ـی ئەنجوومەنی وەزیران کە بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەت کرا، لەبارەی دوو تەوەری سەرەکی گفتوگۆکرا: شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان و رووداوەکانی شەوی شەممەی کەرکووک.
لە راگەیێندراوی کۆبوونەوەکەی ئەنجوومەنی وەزیراندا هاتووە "پێویستە بەغدا مانگانە شایستە داراییەکانی هەريم بەپێی بودجە کە یەک تریلیۆن و 375 ملیار دینارە بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت، کە 906 ملیار دیناری تەرخانکراوی مووچەیە، بۆ ئەوەی حکومەتی هەرێم بتوانێت مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بدات."
سەبارەت بە رووداوەکانی کەرکووک و شەهیدبوونی چوار هاووڵاتی لە خۆپێشاندانەکانی شەوی شەممە (2-9-2023) لە کەرکووک، کە بەهۆی تەقەی هێزە ئەمنییەکان بە گوللـە شەهید بوون، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا ''بەتووندی سەرکۆنەی ئەو تووندوتیژییەی کرد کە بەرامبەر هاووڵاتییانی سیڤلی کەرکووک کرا، لەکاتێکدا بە شێوەیەکی زۆر ئاشتییانە خۆپێشاندانیان کرد و ناڕەزاییان بەرامبەر ئەو ستەمەی لە هاووڵاتییانی کوردی کەرکووک دەکرێت، نیشاندا، بەڵام بەداخەوە بە تەقەکردن و خوێنڕشتن وەڵامیان درایەوە."
سەبارەت بەوانەی چەکیان لەدژی خۆپێشاندەرانی کورد بەکارهێنا لە خۆپێشاندانەکانی کەرکووک و بوونە هۆی شەهیدکردنی هاووڵاتییانی سڤیل، "ئەنجوومەنی وەزیران داوا لە حکومەتی فیدراڵ و لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات، بەزووترین کات رێکاریی یاسایی و قەزاییان لەبەرامبەردا بگیرێتەبەر و بدرێنە دادگا، تاوەکو بە سزای خۆیان بگەن."
هاونیشتمانییانی کەرکووک ئێوارەی شەممەی رابردوو دژی داخستنی رێگەی شارەکەیان و هەولێر خۆپێشاندانیان کرد، هێزە ئەمنییەکانی کەرکووک کە لە هەفتەی پێشوودا بەرامبەر داخستنی رێگەکە لەلایەن عەرەبەکانی شارەکەوە هیچ کاردانەوەیەکیان نەبوو، بەشێوەیەکی تووند و بە گوللە وەڵامی خۆپێشاندەرانی کوردیان دایەوە و، لە ئەنجامدا چوار هاونیشتمانی شەهید بوون و 16 کەسیش بریندار بوون.
حکومەتی هەرێمی کوردستان خۆی بە بەرپرسیار دەزانێت لە هەر هەوڵێکی پێویست بۆ دابینکردنی مووچە و شایستەکانی
بەپێی ئەو راگەیەندراوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی ئەنجوومەنی وەزیران بڵاویکردووەتەوە "حکومەتی هەرێم خۆی بە بەرپرسیار دەزانێ بۆ هەر هەوڵێک کە پێویست بێت بۆ دابینکردنی مووچە و شایستەکانی هەرێم. جێگەی داخ و نیگەرانیمانە بەهۆی خەرجنەکردنی شایستەکانی هەرێم لەلایەن بەغدا، مووچەخۆران دوو مانگە مووچەیان دواکەوتووە، لەکاتێکدا هەرێم هەرچی پێویست بووە و هەر پابەندییەک بەرامبەر حکومەتی فیدراڵ هەبێت لە چوارچێوەی یاسای بودجە و دەستوور، جێبەجێی کردووە.''
ئەنجوومەنی وەزیران جەختی کردەوە؛ لەبەرامبەر پابەندییەکانی هەرێم، پێویستە کۆی گشتیی شایستەی داراییەکانی بۆ خەرج بکرێت، کە بەگوێرەی خشتەکانی بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2023، دەکاتە بڕی 16 تریلیۆن و 498 ملیار دینار و، مانگانە بەگوێرەی ژمارەکانی بودجە، دەکاتە یەک تریلیۆن و 375 ملیار دینار، بەڵام ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی خۆیدا لە رۆژی 2023/9/3 لە دەرەوەی خشتەکانی بودجە و شایستەداراییەکانی هەرێم، بریاریدا بە شێوازی قەرز، تەنیا بڕی 500 ملیار دینار لە مانگەکانی 9، 10 ،11 خەرج بکرێت، لەکاتێکدا لەدوای مانگی شەشەوە، هیچ بڕە پارەیەک بۆ مووچەی مانگەکانی 7 و 8 خەرجنەکراوە. ئەمەش لەکاتێکدایە هەر لەگەڵ کەوتنەبواری جێبەجێکردنی یاسای بودجەی عێراق لە 2023/6/25، هەرێم پابەندییەکانی خۆی بەگوێرەی یاسای بودجە جێبەجێ کردووە."