وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران بۆ رووداو: کەمپی ئاوارەکان تەنیا لە هەرێمی کوردستاندا ماون

06-09-2023
نەهرۆ محەممەد
نیشانەکردن کەمپی ئاوارەکان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق رایگەیاند، جگە لە هەرێمی کوردستان، لە عێراقدا هیچ کەمپێکی ئاوار نەماوە. دەشڵێت، زیاتر لە 35 هەزار خێزانی ئاوارە لە کەمپەکانی هەرێمی کوردستاندا هەن. 
 
عەلی عەباس، گوتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق ئەمڕۆ (6ـی ئەیلوولی 2023) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "لە عێراقدا هیچ کەمپێکی ئاوارەکان نەماوە، کەمپی ئاوارەکان تەنیا لە هەرێمی کوردستاندا ماون. کەمپی جەدعە لە باشووری موسڵ کراوەتە سەنتەری شیاندنەوەی ئاوارەکان و چەند مانگێک ئاوارە گەڕاوەکان لەوێ دەمێننەوە، دوای شیاندنەوە دەگەڕێندرێنەوە زێدی خۆیان."
 
لەبارەی ژمارەی ئاوارەکانی هەرێمی کوردستان، عەلی عەباس، کە هاوکات بەرپرسی لقەکانە لە وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، گوتی "26 کەمپی ئاوارەکان لە هەرێمی کوردستاندا هەن. نزیکەی 35 هەزار و 500 خێزانی ئاوارە لە هەرێمی کوردستان ماون."
 
لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 664 هەزار ئاوارە هەن، 490 هەزاریان لە دەرەوەی کەمپەکانن و زیاتر لە 174 هەزار ئاوارەش لە 26 کەمپدا نیشتەجێن، ئەو ئاوارانە بەهۆی شەڕی داعشەوە زێدی خۆیان جێهێشتووە و تائێستاش بە هۆکاری ئابووری، کۆمەڵایەتی و ئەمنی نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە.
 
لە ساڵى 2014 رێکخراوى دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) هێرشی کردە سەر قەزاى شنگال و بەهۆیەوە 48 هەزار خێزانى کوردى ئێزدى لەو قەزایە ئاوارە بوون، زۆرینەیان پەنایان بردە بەر شارەکانی هەرێمى کوردستان.
 
عەلى جیهانگیر گوتى "بەگوێرەى ئامارەکانى وەزارەتى کۆچ و کۆچبەرانى عێراق، لە سەرەتاى ئەو رووداوەوە تاوەکو ئێستا، 18 هەزار خێزانى کوردى ئێزدى گەڕاونەتەوە قەزاکە."
 
ئەمە لەکاتێکدایە بەگوێرەى ئامارێکى رێکخراوى نەتەوە یەکگرتووەکان، بەهۆى هێرشی داعش و داگیرکردنى قەزاى شنگالەوە 80%ـی ژێرخانى قەزاکە و 70%ـی خانووەکانى رووخاون.

 

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە