وەزارەتی پەروەردە: مامۆستایان دەتوانن دوای تەواوبوونی وانەکانیان قوتابخانە جێبهێڵن


رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان دەڵێت، لەمەودوا مامۆستایان ناچار ناکرێن تاوەکو کۆتایی دەوام لە قوتابخانە بمێننەوە، هەرکاتێک وانەکانیان تەواو بوو، دەتوانن قوتابخانە جێبهێڵن.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە، 06-09-2023، وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان نووسراوێکی بە واژۆی ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردە بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، "دەوامی مامۆستایان لە ناوەندەکانی حکومی بەگوێرەی وانەکانیان دەبێت کە لە خشتەی بەشە وانەکانیان بۆیان دانراوە و گۆڕانکاری تێدا ناکرێت، واتە جگە لە کاتی گوتنەوەی وانەکانی خۆی و ئامادەبوونی لە یەک بەشە وانەی هەفتانەی راهێنان، مامۆستایان پابەند ناکرێن بە مانەوەیان لە سەرەتای دەوام تاوەکو کۆتایی دەوام و سەرپشکن لە مانەوە لە ناوەندەکانی خوێندن."

 

 
هاوکات هەر بۆ وەرزی نوێی خوێندن، رۆژی 16ـی تەممووزی 2023، وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند کە جگە لە رۆژانی هەینی، رۆژانی شەممەش لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندنی حکومی دەکەنە پشووی فەرمی.
 
بڕیارەکە، بە گوتەی وەزیری پەروەردە، لە ئەنجامی گفتوگۆیەکی "ورد" بووە لەسەر ساڵنامەی خوێندن و چەند "سوود"ێکی هەیە، لەوانەش، مامۆستایان لەجیاتی شەش رۆژ، پێنج رۆژ دەوام دەکەن و ئەوەش لەڕووی خەرجییەوە سوودی بۆ مامۆستا و قوتابی و خێزانەکانیشیان هەیە.
 
ئالان حەمەسەعید ئەوکات رایگەیاند، 13ـی ئەیلوول ساڵی نوێی خوێندن دەستپێدەکات و لە رۆژی 17ـی هەمان مانگدا یەکەم وانە دەخوێندرێت.