بەڕێوەبەری ژیاندنەوەی تاڵاوەکانی ئێران: ئاو بۆ دەریاچەی ورمێ دابین نەکرێت وشک دەبێت

 
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری نووسینگەی پاراستن و ژیاندنەوەی تاڵاوەکانی ئێران رایگەیاند، بە سەرنجدان لە بەهەڵمبوونی زۆری ئاوی دەریاچەی ورمێ و درەنگتر بارینی باران لە وەرزی پاییز، دەریاچەی ورمێ وشک دەبێت، "ئەگەر ئاوی پێویست بۆ دەریاچەکە دابین نەکرێت."
 
ئارەزوو ئەشرەفیزادە، بەڕێوەبەری نووسینگەی پاراستن و ژیاندنەوەی تاڵاوەکانی ئێران کە سەر بە رێکخراوی پاراستنی ژینگەی ئێرانە دەڵێت، "دەریاچەی ورمێ هێشتا بە تەواوەتی وشک نەبووە، بەڵام بۆ سەر دوو بەشی باکووری و باشووری دابەش بووە و نزیکەی هەزار کیلۆمەتر چوارگۆشەی ماوەتەوە."
 
بە گوتەی ئارەزوو ئەشرەفیزادە، وەزارەتی وزە دەبێت ساڵانە نزیکەی ملیارێک و 100 ملیۆن مەتر چوارگۆشە ئاو بۆ دەریاچەکە بەربداتەوە، کەچی رەوتی بەهەڵمبوونی زیاترە لەو بڕە ئاوە.
 
بەڕێوەبەری نووسینگەی پاراستن و ژیاندنەوەی تاڵاوەکانی ئێران باس لەوە دەکات، بارینەکان و گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا کاریگەرییان لەسەر دەریاچەی ورمێ داناوە، بەڵام رێگری لە زیاتربوونی کشتوکاڵ، رێگەیەکی سەرەکیی ژیانەوەی دەریاچەی ورمێیە.
 
شارەزایان هەڵکەندنی دەیان هەزار بیری ئاو بۆ کشتوکاڵ لە دەوروبەری دەریاچەی ورمێ و دروستکردنی بەنداو لەسەر ئەو رووبارانەی دەڕژێنە دەریاچەی ورمێ بە هۆکارەکانی دیکەی وشکبوونی دەریاچەی ورمێ دەزانن.
 
حکومەتی حەسەن رووحانی 10 ساڵ لەمەوبەر ناوەندێکی تایبەتی بۆ ژیاندنەوەی دەریاچەی ورمێ پێکهێنا، ئەو ناوەندە لە ساڵەکانی 2019 و 2020دا توانیی ئاستی ئاوی دەریاچەکە کەمێک بەرز بکاتەوە، بەڵام ئەمساڵ دیسان بە شێوەیەکی بەرچاو ئاستی ئاوی دەریاچەکە دابەزیوە.
 
هەندێک لە بەرپرسان پێیانوایە لەو ناوەندەدا گەندەڵی کراوە. سومەیە رەفیعی، سەرۆکی فراکسیۆنی ژینگە لە پەرلەمانی ئێران، رایگەیاندووە، خەرجیی زۆر کراوە بۆ ژیاندنەوەی دەریاچەی ورمێ، بەڵام بەڵگەی بەشێکی خەرجییەکان دیار نییە.