لە ماوەی پێنج رۆژدا 14 کۆڵبەر بریندار کراون

 
رووداو دیجیتاڵ

بەپێی ئاماری رێکخراوەکانی تایبەت بە مافەکانی مرۆڤ، لە ماوەی پێنج رۆژدا 14 کۆڵبەر بە تەقەی راستەوخۆی هێزە سەربازییەکانی ئێران لە سنوورەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بریندار کراون.
 
رۆژی یەکشەممە هێزەکانی پاسەوانی سنووری ئێران لە ناوچە سنوورییەکانی مەریوان تەقەیان لە کۆڵبەرەکان کردووە و دوو کەسیان بریندار کردووە و کۆڵبەرێکیشیان دەستبەسەر کردووە.
 
هەر رۆژی یەکشەممە هێزەکانی پاسەوانی سنوور لە ناوچە سنوورییەکانی نەوسوودیش دوو کۆڵبەری خەڵکی جوانڕۆیان بریندار کردووە. رۆژی دووشەممەش کۆڵبەرێک لە سنووری هەنگەژاڵ لە ناوچە سنوورییەکانی بانەدا بریندار بووە.
 
وەزارەتی ناوخۆی ئێران رایگەیاندووە، کۆڵبەری بە فەرمی ناناسێ و هەر کەسێک بچێتە ناوچە سنوورییەکان، وەکو سەرپێچیکار مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت.
 
کۆڵبەرەکان لە دەروازە نیمچە فەرمییە سنوورییەکانەوە کاڵا و کەلوپەلیان دەگواستەوە، بەڵام حکومەتی ئێران ساڵی 2017 رایگەیاند، بۆ رێکخستنی سنوورەکان بازاڕچە و دەروازە نیمچە فەرمییەکان دادەخات.
 
لەو کاتەوە ساڵانەدا زۆرجار بەرپرسان گوتوویانە، سنوورەکان رێکدەخەنەوە و بە پلانی نوێ رێڕەوە کۆڵبەرییەکان دەکەنەوە، بەڵام هیچیان سەری نەگرتووە. کۆڵبەرەکان دەڵێن، پشتگوێخراویی ناوچە سنوورییەکان و دۆخی خراپی ئابووری، رێگەی دیکەی جگە لە کۆڵبەریی بۆ خەڵک نەهێشتووەتەوە.
 
سەرۆککۆماری ئێران رۆژی 20ی شوباتی 2022 بۆ "رێگری و بەرەنگاربوونەوەی قاچاخ" وەزارەتی ناوخۆی ئەرکدار کرد "بازاڕچە سنوورییەکان چالاک و رێکبخرێنەوە"و "رێوشوێنێک بۆ رێکخستنەوەی ئەو کاڵایانە دابنێت کە کۆڵبەرەکان" دەیگوازنەوە.
 
ئیبراهیم رەئیسی ئەوکات، دەستەی بەرەنگاربوونەوەی قاچاخی کەلوپەل و دراو و وەزارەتی ناوخۆی ئەرکدار کرد "ئەوپەڕی تاوەکو مانگێک" رێوشوێنەکانی گواستنەوەی کاڵا لەلایەن کۆڵبەرەکانەوە دابڕێژن.