لە مەریوان پیاوێک هەوڵدەدات دەستدرێژی بکاتە سەر ژنێک و دەستگیردەکرێت

 
رووداو دیجیتاڵ

دوای هەوڵێک بۆ دەستدرێژی بۆسەر ژنێکی شارەکە، ژنانی مەریوان بەیانیی ئەمڕۆ لەبەردەم دادگەی ئەو شارە لە مەریوان گردبوونەوە و داوای چارەسەرکردنی کێشەی ئاسایشی ژنان لەو شارە دەکەن.
 
گردبوونەوەی ژنانی مەریوان دوای ئەوە دێت کە ژنێکی دانیشتووی ئەو شارە دوای ئەوەی لەلایەن کەسێکەوە هەوڵدراوە دەستدرێژی بکرێتە سەری، هەوڵی خۆکوشتنی داوە و ئێستا لە نەخۆشخانەی سنە خەوێندراوە.
 
زاهید کەریمی، داواکاری گشتیی مەریوان بەیانیی ئەمڕۆ رایگەیاند، ئەو کەسەی هەوڵی دەستدرێژیکردنی بۆ سەر ئەو ژنە داوە، دوو کاژێر دوای رووداوەکە لەلایەن پۆلیسی مەریوانەوە دەستگیر کراوە و ئێستا لە گرتووخانەی ئەو شارەیە. هەروەها باسی لەوەش کرد، لە دادگەی مەریوان دۆسیەی بۆ کراوەتەوە و لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەکرێت.
 
سەبارەت بە دۆخی ژنەکەش داواکاری گشتیی مەریوان گوتی، ئەو دەنگۆیانەی لەبارەی گیانلەدەستدانی قوربانییەکەوە بڵاوبوونەتەوە راست نین و ئێستا ئەو ژنە لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی سنە خەوێندراوە و چارەسەر وەردەگرێت. هەروەها باس لەو دەنگۆیانەش دەکات لەبارەی کەسی دەستدرێژیکەرەوە بڵاوبوونەتەوە و دەڵێت، ئەو کەسە "ئاژاوەگێڕ و بێ رەوشتە و لە کورتترین کاتدا سزا دەدرێت."
 
دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی دەستدرێژیکردن بۆسەر ئەو ژنەی دانیشتووی مەریوان و هەوڵدانی بۆ خۆکوشتن، هەندێک لە رێکخراوەکانی مافی مرۆڤی رۆژهەڵاتی کوردستان باسیان لەوە کردبوو دەستدرێژیکەر کارمەندی دەزگا ئەمنییەکانی حکومەتە و بە جۆرێک گوشاری خستووەتە سەری کە ناچاری کردووە هەوڵ بۆ خۆکوشتن بدات و لە نهۆمی دووەمی باڵەخانەیەک خۆی بخاتە خوارەوە.
 
هەواڵەکە ژنانی مەریوانی هێنایە بەردەم دادگەی ئەو شارە و لە دژی نەبوونی ئاسایش بۆ ژنان ناڕەزایەتییان دەربڕی. ژنانی مەریوانیش دەڵێن؛ ژنان لەو شارە ئاسایشیان نییە و حکومەت دەبێت رێگەچارەیەک بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە بدۆزێتەوە.