ئومێد خۆشناو: سێ شوێنی حەوانەوەمان بۆ زیارەتکارانی شیعە ئامادەکردووە

 
رووداو دیجیتاڵ 

سبەی چوارشەممە لە دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستانەوە، پێشوازیی لە زیارەتکارانی شیعە مەزهەبی ئێران دەکرێت، کە بۆ بەشداریکردن لە چلەی ئیمامی حوسێن سەردانی مەزارگەکانی عێراق دەکەن. پارێزگاری هەولێریش دەڵێت: "لە سێ شوێنی جیاواز، شوێنی حەوانەمان بۆ زیارەتکارەکان ئامادە کردووە."
 
شوێنی حەوانەوە و خواردنەوەی زیارەتکاران بێبەرامبەرە
 
رۆژی سێشەممە 06-09-2022، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە شارەدێی حاجی ئۆمەران، لە سۆران و شاری هەولێر شوێنی حەوانەوە بۆ زیارەتکارانی شیعە ئامادەکراوە، جگە لە شوێنی حەوانەوە، خواردنەوە (چا، شەربەت و قاوە) بێبەرامبەرە.
 
ئومێد خۆشناو گوتی: "سبەی خۆم سەردانی دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران دەکەم و پارێزگاری ورمێ-ش ئامادە دەبێت و لە رێورەسمێکدا پێشوازیی لە زیارەتکاران دەکەین کە رۆژانە 20-25 هەزار کەس لە دەروازەکە دەپەڕنەوە بۆ هەرێمی کوردستان و دواتر بۆ کەربەلا بەڕێدەکرێن." 
 
ئامادەکاری بۆ پێشوازی لە زیارەتکاران
 
ئەمە یەکەمجارە لە دەروازەی نێودەوڵەتییەکانی باشماخ و حاجی ئۆمەرانەوە زیارەتکاران بۆ بەشداری لە چلەی ماتەمینی ئیمام حوسێن دێنە نێو خاکی هەرێمی کوردستانەوە و بەهۆی زۆریی ژمارەی زیارەتکاران و بۆ راییکردنی کارەکانیان، پێویستیی بە ئامادەکارییەکی تۆکمە دەبێت.
 
رۆژی یەکشەممە 04-09-2022، نەسروڵڵا رەشنوودی، کۆنسوڵی ئێران لە هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لەڕێگەی هەردوو دەروازەی سنووریی باشماخ و حاجی ئۆمەرانەوە، زیارەتکاران لە پارێزگاکانی باکووری رۆژژئاوای ئێرانەوە دەپەڕنەوە و بۆ ئەو مەبەستەش هەموو ئامادەکارییەکان کراون."
 
کۆنسوڵی ئێران لە هەرێمی کوردستان گوتیشی، "بەپێی ئەو رێککەوتنەی کە لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان هەمانە، هەموو هاوکارییەکمان دەکەن بۆ ئەوەی زیارەتکاران بەبێ کێشە بەرەو شوێنی مەبەستیان بڕۆن."
 
ئەمە یەکەمجارە بە شێوەیەکی فەرمی زیارەتکارانی ئێرانی دەروازەکانی هەرێمی کوردستان بەکاردەهێنن، نەسروڵڵا رەشنوودی دەڵێت: "بە دڵنیاییەوە لە داهاتووشدا بەردەوام دەبێت. سوپاسی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەتایبەت سوپاسی بەرێز کاک مەسعود بارزانی دەکەین کە داوایان کردووە هەموو ئاسانکارییەک بۆ زیارەتکارانمان بکرێت."
 
هاوکات، محەممەدسادق موعتەمیدیان، پارێزگاری ورمێ بە میدیای ئێرانی راگەیاند، "ئەوە یەکەمجارە لەڕێگەی دەروازەی نێودەوڵەتیی تەمەرچین [حاجی ئۆمەران]ـەوە زیارەتکارانی کەربەلا دەچنە ناو خاکی عێراقەوە و ئەوەش پێویستی بە کۆمەڵێک چاکسازیی بنچینەیی هەبوو بۆ ئەوەی بتوانین رۆژانە پێشوازی لە لانیکەم لە 20 هەزار زیارەتکار بکەین."
 
موعتەمیدیان باسی لەوەش کرد، "لە هەموو شارەکانی پارێزگای ورمێ-وە تێرمیناڵ و پاسەکانمان راسپاردووە بۆ ئەوەی لە گواستنەوەی زیارەتکاراندا هاوکارمان بن و هیچ کێشەیەک بۆ گواستنەوەیان دروست نەبێت، لەڕووی هەرێمی کوردستانی عێراقیشەوە ژمارەیەک بەنزینخانەی گەڕۆکمان دابینکردووە بۆ گەیاندنی سووتەمەنی بۆ ئۆتۆمبێلی ئەو زیارەتکارانە."
 
بە گوتەی پارێزگاری ورمێ، "ئێستا بە هاوئاهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرانی دەروازەی سنووریی تەمەرچین [حاجی ئۆمەران] لەڕووی هەرێمی کوردستانەوە، هەموو ئامادەکارییەک کراوە بۆ پەڕینەوەی زیارەتکاران." 
  
رێککەوتن لەنێوان هەولێر و ورمێ 
 
پارێزگاری هەولێر دەڵێت، هاتنی زیارەتکارانی ئێرانی بە دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەراندا لە چوارچێوەی رێککەوتننامەیەکی 16 خاڵییە، کە لەنێوان پارێزگای هەولێر و ورمێ واژۆ کراوە.
 
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە کۆتایی ساڵی 2021 وەکو شاندی پارێزگای هەولێر سەردانی پارێزگای ورمێمان کرد و لەگەڵ پارێزگاری ورمێ رێککەوتنێکی چەند خاڵیمان واژۆ کرد، لە مانگی شوباتی رابردوو شاندێکی پارێزگای ورمێ سەردانی هەولێریان کرد و رێککەوتنەکەمان فراوانتر کرد کە 16 خاڵی لەخۆگرتووە."
 
سەردانی زیارەتکارە ئێرانییەکان بۆ شوێنە پیرۆزەکانی شیعە لە عێراق بە هەرێمی کوردستان و هەولێر و دەروازەی نێودەوڵەتیدا، بە گوتەی پارێزگاری هەولێر، یەکێکە لە خاڵەکانی ناو رێککەوتنەکە، "ئێستا ئامادەکاریی زۆر باشمان بۆ هاتنی زیارەتکارانی چلەی ماتەمینیی ئیمام حوسێن کردووە و ئاسانکاریی تەواویان پێشکێش دەکەین." 
 
ئومێد خۆشناو گوتی: "هاتنی زیارەتکارانی ئێرانی بە هەرێمی کوردستاندا بۆ شوێنە پیرۆزەکان بە رووداوێکی گرنگ دەبینین و لە دەروازەی حاجی ئۆمەرانەوە تاوەکو هەموو سنوورەکانی پارێزگای هەولێر، ئاسانکاریی تەواویان بۆ دەکەین و هەموو رێکارێک گیراوەتەبەر."
 
چلەی ئیمام حوسێن
 
بەپێی سەرچاوە مێژووییەکان، ئیمام حوسێن کچەزای محەممەد، پێغەمبەری ئیسلام (دروودی خودای لەسەر بێت) لە شاری کەربەلا، لەگەڵ خێزان و دەیان لە کەسوکار و لایەنگرانی لە ساڵی 680ـی زایینی و لەسەر دەستی لایەنگرانی یەزیدی کوڕی موعاوییە، خەلیفەی ئەمەوییەکان کوژرا.
 
سەرچاوە مێژووییەکان باس لەوەش دەکەن، کوژرانی ئیمام حوسێن کۆتایی بە ململانێی نێوان ئیمام حوسێن و یەزیدی کوڕی موعاوییە و لایەنگرانی هەردوولا هێنا، چونکە ئیمام حوسێن دانی بە خەلافەتی یەزید-دا نەدەنا و هەوڵی رووخاندنی دەدا.
 
رێوڕەسمی چلەی ماتەمینیی ئیمام حوسێن هەموو ساڵێک لە 20ی مانگی سەفەر/کۆچی لە عێراق و چەند وڵاتێکی دیکە بەڕێوەدەچێت. سەدان هەزار لە باوەڕدارانی شیعە سەردانی مەزارگەی ئیمام حوسێن لە کەربەلا دەکەن و بە چەندین شێواز ماتەمینی دەگێڕن.