ئاگر لە کەمپی هەرشەم لە هەولێر کەوتەوە و شەش ماڵ بە تەواوی سووتان

رووداو دیجیتاڵ 
 
ئاگر لە کەمپی هەرشەم 1 لە هەولێر کەوتەوە و بەهۆیەوە شەش ماڵ بە تەواویی سووتان و هیچیان بۆ دەرنەچووە. هاونیشتمانییەک دەڵێت، سەرجەم بەڵگەنامەکانیان سووتاوە، بەڵام زیانی گیانی نەبووە.
 
رووداوی ئاگرکەوتنەوەکە نزیک کاژێر 06:00ی بەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە 6-9-2022 بووە. هادی سەلیمی، پەیامنێری رووداو لە شوێنی ئاگرەکە گوتی، بەگوتەی دانیشتووانی کەمپەکە ئاگرەکە زۆر گەورە بووە و چەند جارێک کارەبای گشتی هاتووە و رۆیشتووە و دواتر شۆرتی کردووە و کەمپەکە ئاگری گرتووە.
 
پەیامنێری رووداو دەڵێت، ئاگرەکە شەش کەرەڤانەی بە تەواوی سووتاندوون، دواتر چەند کەسێک کە ئاگاداری سەرەتای ئاگرەکە بوون دانیشتووانی کەمپەکەیان ئاگادارکردووەتەوە و توانیویانە لەنێو ماڵەکانیان بێنە دەرەوە، بەڵام ئەوەی لەنێو کەرەڤانەکاندا بووە بە تەواویی سووتاوە. 

 

 
کەمپەکە تایبەتە بە ئاوارەکانی شنگال و زیاتر لە 150 کەرەڤانەی تێدایە. یەکێک لە دانیشتووانی کەمپەکە بە رووداوی راگەیاند: هیچ زیانێکی گیانی نەبووە، بەڵام ئاگرەکە زۆر گەورەبووە و "بەهۆی شۆرتی کارەبا" بوو. 
 
کەسێک کە ماڵەکەی بە تەواویی سووتاوە و خەڵکی شنگالە، دەڵێت "نازانین بەهۆی کارەباوە بووە یان بەهۆی غاز بووە. سوپاس بۆ خوا هیچ زیانی گیانی نەبوو، بەڵام سەرجەم بەڵگەنامە و نێو ماڵەکەیشمان سووتا."
 
هاونیشتمانییەکی دیکە بە رووداوی راگەیاند کە کەمپەکانی دیکە ئۆتۆمبێلی ئاگرکوژێنەوەی تێدایە، "بەڵام بەداخەوە ئێمە نە ئۆتۆمبێلی ئاگرکوژێنەوەمان هەیە نە ئۆتۆمبێلی فریاکەوتن."
 
رۆژی 16-1-2019 ئاگر لە کەمپی ئاوارەکانی هەرشەم کەوتەوە و بەهۆیەوە 14 کەرەڤانە سووتان و هیچ زیانێکی گیانی نەبووە.