بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات
رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات و نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەوروپاش دەڵێ: "لەگەڵ سەرۆک بارزانی و سەرۆکایەتییەکانی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە".
دلاوەر ئاژگەیی، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەوروپا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، سبەی سێشەممە 07-09-2021، جۆزێف بۆرێل، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات و لەگەڵ سەرۆک مەسعود بارزانی، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە.
لەبارەی سەردانەکەی بۆرێلەوە، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەوروپا زیاتر گوتی: "رێککەوتنێکی گشتگیر و هەمەلایەنە لەنێوان بەغدا و یەکێتیی ئەوروپادا هەیە، هەرێمی کوردستانیش بەشێکە لەو رێککەوتنە، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا بۆ کاراکردنی رێککەوتنەکە سەردانی بەغدا و هەولێر دەکات".
یەکێتیی ئەوروپا، نووسینگەی نێردەی لە شاری هەولێر هەیە، دلاوەر ئاژگەیی دەڵێ: پێشتر جۆزێف بۆرێل ویستوویەتی سەردانی عێراق و هەرێمی کوردستان بکات، بەڵام لەبەر پەتای کۆرۆنا دوایخست.