چەند کەسێک بۆ دروستکردنی باخێک لە باڵەکایەتی؛ هەرچی داری خۆڕسکە دەیبڕنەوە
رووداو دیجیتاڵ
بە مەبەستی بنیاتنانی باخێکی فستق لە ئەشکەوتی سەردێمانی باڵەکایەتی، هەرچی داری خۆڕسکی بەڕوو و مازووی ناوچەکەن بە ئامێری هەڵکەندن و بە رەگ و ریشەوە هەڵکەندراون. خەڵکی ناوچەکە دەڵێن، شوێنەکە پاوان و شوێنەوارە و زووڵمێکی گەورە لە ژینگە کراوە.
ناوچەکە ناوچەیێکی شوێنەوارییە و یەکەم راگەیاندنی بیستراوی کوردی کە رادیۆی دەنگی کوردستانی عێراق بوو لە ساڵی 1965 تاوەکو 1967 لەوێ بووە، رووبەری دارستانەکەی وێران کراوە و هەرچی داری خۆڕسکە هەڵکەندراون.
نەجات مستەفا، گوندنشینە و دەڵێت، "بە دووریی 500 مەتر لە شوێنەواری ئەشکەوتی ئێزگە دارەکانیان هەڵکەندووە و ژینگەیان شێواندووە." هاونیشتمانییەکی دیکەش بەناوی ئیبراهیم حوسێن دەڵێت، "حیسابیان بۆ کەس نەکردووە و ئەو کارەیان کردووە، باشە ئەمە زووڵمێکی گەورە نییە؟"
ناوچەکە سنووری ناشناڵ پارکی هەڵگورد - سەکرانە، بڕینی داری خۆڕسک تێیدا سزای سەختی هەیە، هێزی پێشمەرگەی ژینگەشی هەیە بۆ چاودێری و پاراستنی ژینگەی ناوچەکە.
ئیسماعیل وەرتی، بەرپرسی هێزی پێشمەرگەی ژینگەی چۆمان دەڵێت، "یەکەی کارگێڕی ئێمەی ئاگادار نەکردووەتەوە تاوەکو بەدواداچوونی بۆ بکەین، بێگومان سەردانی ناوچەکە دەکەین و ئەو کەسانەی کارەکەیان کردووە دەیان دەینە دادگە."
بکەرانی کارەکە بە رووداویان راگەیاند، لە دادگە سەلماندوویانە زەوییەکە موڵکی ئەوانە و نیازیانە بیکەنە باخی فستق، بۆیە دارە خۆڕسکەکانیان هەڵکەندوون.