زیاتر لە 200 دۆنم زەوی و داری بەتەمەن لە شاخی گۆیژە سووتاون

06-09-2020
رووداو @Rudawkurdish
سووتانی گۆیژە
سووتانی گۆیژە
نیشانەکردن چیای گۆیژە
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ
 
ئاگرەکەی شاخی گۆیژە لە سلێمانی، کە نیوەشەوی هەینی روویدا، بەپێی خەمڵاندنی بەڕێوەبەرایەتیی پاوان و دارستانی سلێمانی زیاتر لە 200 دۆنمی چیاکەی سووتاندووە، ژمارەیەکی زۆریش دار سووتاون کە تەمەنیان لە 50 ساڵ زیاتر بووە.  
 
لە بەرنامەی مژاری رادیۆی رووداو باس لە هۆکارەکانی کەوتنەوەی ئاگرەکە و زیانەکانی کران. عەبدوڵڵا ئەحمەد، بەڕێوەبەری پاوان و دارستانی سلێمانی لە بەرنامەکەدا بەشداربوو، کە ئەندامیشە لە بۆردی سەوزکردنی شاخی گۆیژە و رایگەیاند، 200 بۆ 300 دۆنم شوێنی ئاگرەکەیە، "چووینە شوێنەکە و بۆمان دەرکەوت نزیکەی 50% سووتاوە".
 
عەبدوڵڵا ئەحمەد گوتیشی "لەناو دۆڵەکەدا چەند دارێک سووتاون کە تەمەنیان لە 50 ساڵ زیاترە". دەشڵێ "ئێمە چەند تانکەرێکی کەممان ماوە، دەبێت بەپەلە ئەو دارانەی زیانیان بەرکەوتووە ئاوبدرێن".
 
زۆربەی ئەو شوێنانەی لە ئاگرەکەی رۆژی هەینی سووتان، لە ساڵی 2016 بەهۆی ئاگرێکەوە سووتابوون، بەڵام سەرلەنوێ دارەکان رووێنرانەوە.
 
لیژنەی باڵای بەڕێوەبەرایەتیی پاوان و دارستانی سلێمانی ساڵانە لە مانگی ئایاردا کۆدەبێتەوە بۆ ئەوەی بزانن چی بکەن بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەو جۆرە رووداوانە و بڕیار و رێنمایی دەردەکەن، بەڵام وەک بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتییەکە دەڵێت بڕیارەکانیان جێبەجێ ناکرێن و دەشڵێ "شاخی گۆیژە نزیکەی 3 هەزار دۆنمە،کۆنترۆڵکردنی تەنیا بە ئێمە زەحمەتە".
 
لەبارەی هۆکاری کەوتنەوەی ئەو ئاگرانە بەتایبەت لە درەنگانی شەودا عەبدوڵڵا ئەحمەد دەڵێت، مانەوەی کۆمەڵێک کەس شەوانە کە بەخێزانی دەمێننەوەو لە باشووری عێراقەوە دێن یەکێک لە هۆکارەکانە، چونکە ئاگردەکەنەوە. هەروەها داوادەکات زێدەڕۆییەکانی سەر شاخی گۆیژە هەڵبگیرێن و شارەوانی بەزوویی ئەو کارە بکات و گوتی "زۆریی عارەبانە و کۆشکەکان و دووکانەکانی گۆشت برژاندن هۆکاری زیادبوونی ئاگرەکانن".
 
لە ساڵانی رابردوو شاخی گۆیژە پاسەوان و کرێکاری خۆی هەبوو، کە زیاتر بوون لە 30 کەس و لە شەش خاڵەوە چاودێریی شاخی گۆیژە دەکرا، بەڵام ئێستا یەک کرێکاری ماوەو ئەوانی دیکە هەموویان خانەنشین بوون، کە ئەمەش بە هۆکارێکی زۆربوونی ئاگرەکان دادەنرێ و چاودێریی لەسەر شاخی گۆیژە نەماوە.
 
نەقیب رێکان جەمال، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی سلێمانی، لە بەرنامەکەی رادیۆی رووداودا بەشداربوو، ئەویش 
زێدەڕۆییەکانی سەر گۆیژەی بەهۆکاری زۆربوونی ئاگرەکان زانی، بەتایبەت مانەوەی عارەبانەی دەستگێڕ لە شەواندا ئامادەکردنی نێرگەلە لەنێو ئەو ئۆتۆمبێلانەی کراونەتە رێستۆرانت و بە نایاسایی مەی دەفرۆشن. گوتیشی "خەڵک هەیە رقی لە حکومەتە دەچێت زیان بە ژینگە دەگەیێنێت، بەڵام ئەگەر بەمشێویەی ئێستا بەردەوام بێت، خەڵک چەند ساڵێکی دیکە ناتوانن بچنە گۆیژە بۆ سەیران".
 
هەندرێن شێخ راغب، گوتەبێژی دەستەی پاراستن و چاككردنی ژینگە لە هەرێمی كوردستان لە بەرنامەکەدا رایگەیاند، سەوزایی لە هەرێمی کوردستان مەترسی لەسەرە، نزیکەی 200 هەزار دۆنم پووش و پاوان لە هەرێمی کوردستان سووتاون. گوتیشی "بۆردوومان و تۆپبارانی تورکیا و ئێران مەترسییە لەسەر رێژەی سەوزایی، هەر بۆردوومانێک چەند دۆنمێک زەوی دەسووتێنن".

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی کۆمەڵی دادگەری

کۆمەڵی دادگەریی کوردستان 59 بەربژێری بۆ پەرلەمانی کوردستان هەیە

کۆمەڵی دادگەریی کوردستان 59 بەربژێری لە هەر 4 بازنەکەی هەرێمی کوردستان بۆ پەرلەمانی کوردستان هەیە. سەرۆکی لیستی ئەو حیزبە لە بازنەی هەولێر دەڵێت، خەڵک لە دەرەوەی کۆمەڵیش ویستبێتی لەسەر لیستی ئەوان خۆی بەربژێر بکات، پەسندیان کردووە.