رووداو دیجیتاڵ
کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق بەربژێرێکى یەکگرتووى ئیسلامى کوردستانى بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان دوورخستەوە بەهۆى ئەوەى خۆبەربژێرکردنى پێچەوانەى رێنماییەکانى کۆمیسیۆن بووە.
شەهێن جەعفەر سەعید ئەحمەد، لە ریزبەندى شەش بوو لە سنوورى بازنەى سلێمانى لە لیستى یەکگرتووى ئیسلامى کوردستان، رۆژی یەکی ئابی 2024 بڕیارى دوورخستەوەى ئەو بەربژێرە لەللایەن ئەنجوومەنى کۆمیسیارانەوە دەرکراوە.
بەگوێرەى بڕیارەکەى ئەنجوومەنى کۆمیسیاران، خۆبەربژێریکردنى شەهێن جەعفەر سەعید پێچەوانەى بڕگەى یەکەمى بەشی سێیەمى رێنماییەکانى تۆمار و پەسندکردنى لیستى بەربژێران بووە بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان.
ئەو بڕگەیە حەوت مەرجى داناوە بۆ خۆبەربژێرکردن، لەوانە هەبوونى ناسنامەى بارى شارستانى یان کارتى نیشتیمانى یان کارتى بایۆمەترى دەنگدان، دەبێت رۆژى دەنگدان تەمەنى گەیشتبێتە 25 ساڵ، خوێندن و نووسین بزانێت، سزادراو نەبووبێت بە چەند تاوانێک.
عیماد جەمیل، سەرۆکى تیمى رۆژنامەڤانى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: دوورخستنەوەى ئەو بەربژێرە بەهۆى ئەوە بووە کە بەڵگەنامە پێویستەکانى بۆ بەربژێربوون کەموکورتى تێدا بووە.
ئەوە سێیەم بەربژێرە کۆمیسیۆن دووریان بخانەوە لەسەر بنەماى بەجێگەیاندنى مەرجەکانى خۆبەربژێرکردن.
30ى تەممووزی 2024 ئەنجوومەنى کۆمیسیاران بڕیاری دوورخستنەوەى دوو بەربژێرى پارتى دیموکراتى کوردستان لە بازنەی پارێزگاى دهۆک دەرکرد.
زیاتر لە هەزار بەربژێر وەک سەربەخۆ، کۆتاى پێکهاتەکان، لیستى پارت و هاپەیمانێتییەکان خۆیان بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان بەربژێر کردووە، کە بڕیارە لە 20ی تشرینی یەکەمی ئەم ساڵدا بکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ