پەناگەیەک لە هەولێر دەبێتە شوێنی حەوانەوەی ئەو ئاژەڵانەی چیرۆکی خەمباریان هەیە

رووداو دیجیتاڵ 

بەهۆی خۆشەویستیی بۆ ئاژەڵان، 10 هەزار کیلۆمەتری لە ئەمریکاوە بۆ کوردستان بڕیوە، ئۆریانا خەڵکی واشنتنە و زیاتر لە 5 ساڵە لە پەناگەیەکی تایبەت لە هەولێر هاوکاریی ئاژەڵە بێلانەکان دەکات.
 
ئۆریانا ساموێلسن، بەڕێوەبەری پەناگەی ئاژەڵان دەڵێ "جیاوازیی ئێمە لەگەڵ پەناگەیەکی دیکە ئەوەیە؛ هەر سەگێك لەژێر چاودێریی ئێمەدا بێت، پێویستیی بە هەر شتێك بێت، بۆی دەستەبەردەکەین لەڕووی پێداویستیی دەرمان و خواردن. لێرە هیچ سەگێك نادۆزنەوە کە نەخۆشیی پیستی هەبێت یان چاوی بریندار بووبێت، یان پێویستیی بە ڤاکسین هەبێت و بۆی دابین نەکرابێت."
 
تایبەتمەندییەکی دیکەی ئەم پەناگەیە ئەوەیە؛ هەموو سەگێك خاوەن ناسنەمەی خۆیەتی، بەپێی ستانداردە نێودەوڵەتییەکان لە رێگەی دانانی چیپێکی زانیاریی خەزنکراو لە ژێر پێست، کە زانیاریی سەبارەت بە جۆری سەگەکە، تەندروستی، کوتان و نەزۆککردن لەخۆدەگرێت.
 
عەلی سەرمەد، پسپۆڕی ڤێتێرنەری دەڵێ "ساڵ هەیە 1000 بۆ 2000 سەگ نەزۆک دەکەین. (نەزۆککردن) سوودی زۆرە بۆ دەروونی سەگەکە، زۆر ئارام دەبێت، هەڵسوکەوتی دەگۆڕێ، دڕندەتر نابێت، چونکە ئەو شتانە پەیوەندییان بە هۆرمۆنەکانییەوە هەیە و کۆنترۆڵ دەبێت."
 
جگە لە بەخێوکردنی سەگ و پشیلە، لەو شێڵتەرەدا گرنگی بە ئەسپ و گوێدرێژە بێلانەکانیش دەدرێت، کە ئەمان پێشتر ئاژەڵی ماڵی بوون، بەڵام بەهۆی تەمەن و ناجێگیریی تەندروستییانەوە، جێهێڵراون.
 
هەر ئاژەڵێك لەم پەناگەدا چیرۆکێکی خەمباری خۆی هەیە. پشتیوان عەلی، نوێنەری پەناگەکەی ئاژەڵان باسی چیرۆکێکی تراژیدیی یەکێک لە گوێدرێژەکان دەکات.
 
پشتیوان دەڵێ "گوێدرێژێکمان هەیە بە ناوی سکوێری، لە مەیدانی ئاژەڵان لای پەناگەکەمان فرێدرابوو بۆ ئەوەی سەگەکان بیخۆن. هۆکارەکەشی ئەوە بوو کوێر ببوو بۆیە خاوەنەکەی فڕێیداوە."
 
نوێنەری پەناگەکە لەبارەی چیرۆکەکەی سکوێری هەروەها دەڵێ "بەڕاستی خەمناکە، ئەو هەموو نەهامەتییە، ئەو هەموو ناخۆشییە و ئەو هەموو ئازارەی ئەو چەشتوویەتی، پێش ئەوەی بێتە لای ئێمە، ئازاریش دراوە، خاوەنەکەشی ئەگەر زووتر چارەسەری کردبا، چارەسەری هەبوو."
 
بەپێی رێکخراوەکە، زیاتر لە 2000 ئاژەڵیان رزگارکردووە، 700 سەگ مایکرۆچیپییان بۆ دانراوە، 140 لەو سەگانەش بەهۆی کەمئەندامییەوە لەو پەناگەیەدا دەمێننەوە. 
 
هەر لەو پەناگەیە، بۆ یەکەمجار گوێدرێژێک لەدایک بوو. دایکی قاچی شکاوە و باوکیشی سێ مانگ پێش لەدایکبوونی. بە نەخۆشیی گەدە مردار بووەتەوە.
 
کارەکانی ئەم پەناگەیە لەکاتێکدان، بەگوێرەی ئامارەکان، نزیکەی 20 هەزار سەگی بێلانە لەنێو شاری هەولێردا هەن.