رووداو دیجیتاڵ
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ژمارەیەک چەکی قورس بە هێزی پێشمەرگە دەدات، ئەوەش لە چوارچێوەی هاوکارییە سەربازییەکانی واشنتن بۆ هەولێر.
رۆژی سێشەممە لە رێوڕەسمێکدا ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا 24 تۆپهاوێژی جۆری هاوتزەری بە پێشمەرگە دا و کۆنسووڵی ئەمریکاش لە هەولێر رایدەگەیێنێت، پێدانی ئەو چەکانە توانای سەربازیی پێشمەرگە پێش دەخەن.
مارک سترۆ، کۆنسووڵی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان لە گوتارێکدا لە رێوڕەسمی رادەستکردنی هاوکارییەکان رایگەیاند، "ئەمڕۆ کەرەستەی سەربازیی گرنگمان بۆ وەزارەتی پێشمەرگە دابین کرد، بەوەش هەنگاوێکی گرنگمان هاویشت لە بونیاتنان و بەهێزکردنی توانای هێزەکانی پێشمەرگە. ئەو چەکانە توانا سەربازییەکانی پێشمەرگە پێش دەخەن، ئەوەش بۆ دڵنیابوون لە شکستی یەکجارەکی داعش."
سەبارەت بە پرۆسەی چاکسازیی نێو هێزی پێشمەرگە، کۆنسووڵی ئەمریکا دەڵێت، "وەزارەتی پێشمەرگە هەنگاوی باشی لە جێبەجێکردنی پڕۆسەی چاکسازی بۆ دامەزراندن و دروستکردنی هێزێکی یەکگرتوو ناوە. دامەزراندنی هێزێکی لەو جۆرە لە بەرژەوەندیی دۆخی ئەمنی هەرێمی کوردستان و عێراقە."
سەبارەت بەو هاوکارییە سەربازییە، شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە لە گوتارێکدا لە رێوڕەسمەکەدا رایگەیاند، "ئەمڕۆ رۆژێکی مێژووییە بۆ وەزارەتی پێشمەرگە و هێزی پێشمەرگەی کوردستان. حکومەت و سوپای ئەمریکا بەردەوام هاوکاری هێزەکانی پێشمەرگەیان کردووە و ئەمڕۆش کۆمەڵێک چەکی قورسیان بۆ پێشمەرگە دابین کرد کە پێکهاتوون لە تۆپی قورس".
شۆڕش ئیسماعیل گوتی، "بە دڵنیاییەوە ئەم هەنگاوە گەورەیە توانای سەربازی پێشمەرگە دەگەیەنێتە ئاستێکی بەرزتر و هیوداریشین هاوکاری و دابینکردنی ئەو جۆرە چەکانە بەردەوام بێت، بەتایبەتی لەم سەردەمەدا کە قۆناخی شەڕکردن بووەتە شەڕکردن بە تەکنەلۆژیای پێشکەوتوویی سەربازیی."
سەبارەت بە چاکسازییەکانی نێو وەزارەت و یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە، شۆڕش ئیسماعیل گوتی، "بە پرۆسەی چاکسازیی دڵخۆشم، بەڵام هەروەکو هەموو پرۆسەیەک کاتی پێویستە، هاوپەیمانانیش بە سەرۆکایەتی ئەمریکا هاوکارن لە سەرخستنی ئەو پرۆسەیە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ