ژووری بازرگانیی کەرکووک داوای دانانی خاڵی گومرگی لەنێوان هەولێر و سلێمانی دەکات


رووداو دیجیتاڵ

ژووری بازرگانیی کەرکووک داوای دانانی خاڵی گومرگی نێوان هەولێر-کەرکووک و کەرکووک- سلێمانی دەکات، داواش دەکات لانیکەم شەش مانگ مۆڵەت بدرێتە خاوەن کارگەکانی هەرێمی کوردستان تاوەکو کارگەکانیان لە بەغدا تۆمار بکەن.
 
سەرۆکی ژووری بازرگانیی کەرکووک رۆژی 06-08-2024 نووسراوێکی بۆ یەکێتیی ژوورە بازرگانییەکانی عێراق کردووە و سەرەتا باسی ئەو ئاستەنگییانە دەکات کە دوای کردنەوەی خاڵی گومرگی لەنێوان دهۆک-موسڵ و خاڵی گومرگی دیالە دروستبوون و چەند خاڵێک دەخاتەڕوو. 
 
یەکەم: دانانی خاڵی گومرگی لە ناوچەی بەنداوی موسڵ لەنێوان دهۆک و موسڵ وایکردووە ئۆتۆمبێلەکان بە بارەکانیانەوە بە رێگەی پارێزگاری سەلاحەدیندا بچنە بەغدا، بێ ئەوەی بە پارێزگای کەرکووکدا تێپەڕن، ئەوەش زیانی بە خاوەنی کۆمپانیاکانی تایبەت بە هاوردە و خاوەن کارگەکان گەیاندووە.
 
دووەم: هاوردەکردنی کاڵا لە رێگەی دەروازەی سنووریی باشماخ لە سنووری پارێزگای سلێمانییەوە و قەدەخەکردنی گواستنەوەی ئەو کاڵایە لە رێگەی سلێمانییەوە بەنێو کەرکووکدا بۆ بەغدا بەهۆی دانانی خاڵی گومرگی لە پارێزگای دیالە وادەکات بارهەڵگرەکان بچنە بەعقوبە و دواتر بچنە بەغدا یان کەرکووک، ئەوەش تێچووەکەی زیاد دەکات. 
 
وەک لە نووسراوەکەدا هاتووە، بەهۆی ئەوەی خاوەنی بارەکان لەگەڵ بارهەڵگرەکان نین، بەشێک لە بەرهەم و کاڵاکان لەو خاڵانە دەمێننەوە و لەنێودەچن. هاوردەکردنی بەرهەمی خۆجێیش قەدەخەیە کە لە کارگەکانی کەرتی تایبەت لە هەرێمی کوردستان بەرهەم دەهێنرێن، جگە لە بەرهەمی ئەوانەی لە یەکێتی پیشەسازیی عێراق لە بەغدا تۆمار کراون.
 
لە نووسراوەکە هاتووە، ئەوەی روودەدات وایکردووە خەڵکی کەرکووک نەتوانن بەرهەمەکانی هەرێمی کوردستانیان دەستبکەوێ و هەربۆیە نرخی بەرهەم بەرزبووەتەوە.
 
بۆ چارەسەرکردنی ئەو گرفتە، سەرۆکی ژووری بازرگانیی کەرکووک سێ پێشنیازی خستووەتەڕوو:
 
یەکەم: کردنەوەی خاڵی گومرگی نێوان پردێ-بازگەی کەرکووک و وەرگرتنی جیاوازیی رسووماتی گومرگی و رێگەدان بە هاتنەژوورەوەی بارهەڵگرەکان کە لە دەروازەی ئیبراهیم خەلیل یان وەک رابردوو لە رێگەی کەرکووکەوە بارەکانیان دەبەنە پارێزگاکانی نێوەڕاست و باشوور.
 
دووەم: کردنەوەی خاڵی گومرگیی نێوان قەرەهەنجیر و بازگەی کەرکووک و نێوان کەرکووک و سلێمانی و وەرگرتنی جیاوازی رسووماتی گومرگی. ئەو بارهەڵگرانەی لە باشماخەوە دێنە پارێزگای سلێمانی ئیدی رێگە بدرێت بێنە نێو کەرکووکەوە. 
 
سەرۆکی ژووری بازرگانیی کەرکووک لە بری ناوی قەرەهەنجیر، دەستەواژەی (الربیع)ـی بەکارهێناوە کە ئەو دەستەواژەیە لە سەردەمی حکومەتی بەعس وەکو شوێنگرەوەی قەرەهەنجیر بەکاردەهێندرا. ئەو دەستەواژەیە لە سەرەتای ساڵانی 2000ـەوە بەکارناهێندرێت. 
 
سێیەم: ماوەیەک مۆڵەت بدرێتە خاوەن کارگەکانی هەرێمی کوردستان، لە شەش مانگ کەمتر نەبێ، تاوەکو کارگەکانیان لە یەکێتی پیشەسازییەکانی عێراق تۆمار بکەن و کارەکان رێکبخەن.