وەزارەتی ئەوقاف و یەکێتیی زانایان لەبارەی قسەکانی قاسم شەشۆ: بێڕێزی بەرامبەر ئایینی ئیسلام قبووڵکراو نییە

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی ئەوقافی هەرێمی کوردستان و یەکێتیی زانایانی ئایینی موسڵمان "بە تووندی" سەرکۆنەی قسەکانی قاسم شەشۆ دەکەن و دەڵێن،" بە مافی خۆمانی دەزانین، کە رێکاری یاسایی لەم بارەیەوە بگرینەبەر".
 
وەزارەتی ئەوقاف و یەکێتیی زانایانی ئایینی موسڵمان لەبارەی قسەکانی قاسم شەشۆ لەسەر پێغەمبەری ئیسلام (د.خ)، راگەیێندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردووەتەوە و دەڵێن، "بێڕێزی بەرامبەر ئاینی ئیسلام و پیرۆزییەکان مایەی قبووڵکردن نییە".
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "یەکێک لە شانازییەکانی ھەرێمی کوردستان، پێکەوەژیانی ئایینی و نەتەوەییە، کوردانی ئێزدی بەدەستی تیرۆرستانی داعش جینۆساید و رەفتاری نامرۆییان بەسەرداھاتووە، ئەم رەفتارەی تیرۆرستانی داعش، کە بەرامبەر ھەموو پێکھاتەکان ئەنجامدراوە، پێچەوانەی پرەنسپیە پیرۆزەکانی ئایینی پیرۆزی ئیسلام و ئایينەکانی ترە و ھیچ کات کردەوەی تیرۆریستی و تووندڕەوی و خراپەکاری لەسەر ھیچ ئایين و نەتەوەیەکی ھەژمار ناکرێت، بۆیە ناکرێ بە بیانووی کردەوە تووندڕەوەکان لە ئایینی پیرۆزی ئیسلام بدرێت".
 
وەکو لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "ئەم جۆرە لێدوانانە لەھەر کەسێک بێت رێگەپێدراو نییە، لەپێناو یەکڕیزی و پێکەوەژیان و یەکترقبووڵکردن دەبێت ھەموو لایەک سەرکۆنەی ئەم رەفتارانە بکەین، کە ھەستی موسڵمانان یان ھەر ئایين و نەتەوەیەکی تر بریندار بکات".
 
 
حەیدەر شەشۆ، برازای قاسم شەشۆ بە رووداوی گوت، قسەکانی مامی لەبارەی پێغەمبەری ئیسلام (د.خ) بەهەڵە لێکدراوەتەوە، ئەو مەبەستی ئەو کەسانە بووە کە بەردەوام بە ناوی ئیسلامەوە ستەم لە ئێزدییەکان دەکەن، بۆیە ئامادە نین داوای لێبووردن بکەن.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە