دەریاچەی وان رەنگی قژی منداڵان بۆ زەرد دەگۆڕێت

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
کۆسار عوسمان @KassoOsman
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

کاتێک منداڵان دەڕۆنە نێو دەریاچەی وانەوە و سەریان تەڕ دەکەن، رەنگی قژیان بۆ زەرد دەگۆڕدرێت. پسپۆڕان هۆکاری ئەمە بۆ بەرزیی بڕی سۆدە لە ئاوەکە و کاریگەریی تیشکی خۆر دەگەڕێننەوە.
 
ساڵانە گەشتیارێکی زۆر لە باکووری کوردستان، تورکیا و وڵاتانی دیکەوە دەچنە وان بە مەبەستی بەسەربردنی کاتێکی خۆش، بەتایبەتی لە وەرزی هاویندا. 
 
لەوێ دیاردەیەکی سەرنجڕاکێش بەدی دەکرێت. ساڵانە لە وەرزی هاویندا منداڵان رەنگی قژیان لە رەشەوە بۆ زەرد دەگۆڕدرێت، بەتایبەتی ئەو منداڵانەی ماڵیان لە نزیک دەریاچەکەیەوە و هەفتانە چەندجارێک مەلەی تێدا دەکەن. 
 
خەدیجە ئوجە ئۆزکۆل، پسپۆڕی پێست و مامۆستا لە زانکۆی یوزونجویڵی وان لەو بارەیەوە دەڵێت، "لە وەرزی هاویندا سۆدەی ئاوی دەریاچەی وان کاریگەری لەسەر پێست و قژ دەبێت. کاریگەریی سۆدەکە و تیشکی خۆر وا دەکات هەموو ئەو کەسانەی دەڕۆنە نێو ئاوەکە قژیان زەردهەڵبگەڕێت، بەتایبەتی ئەو کەسانەی پێستیان چەورە."
 
خەدیجە دەڵێت، "ئەو سۆدەیە خانە مردووەکانی پێست لەنێودەبات. لەبەر ئەوەی منداڵانیش رۆژانە زۆرترین کات لەنێو ئەو ئاوەدان، کاریگەرییەکە لەسەریان روونتر دەردەکەوێت. دوای ئەوەی سۆدەی دەریاچەکە کاریگەری دروست دەکات، تیشکی خۆرەکەش کاریگەری دەبێت، واتە تەنیا کاریگەریی ئاوەکە نییە رەنگی قژەکە دەگۆڕێت."

 

 
خەدیجە ئوجە ئۆزکۆل گوتی، "لە وەرزی زستاندا کاریگەرییەکە نامێنێت و رەنگی قژی ئەو منداڵانە دەگەڕێتەوە دۆخی ئاسایی خۆی، بەڵام لێرەدا خاڵێکی گرنگ هەیە؛ نابێت منداڵان رێگە بدەن دوای دەرچوونیان لە ئاوەکە ماوەیەکی زۆر لەبەر تیشکی خۆر بمێننەوە، چونکە ئەگەر ئەو تیشکە سووتان دروستبکات، ئەو کاتە زیان بە جەستە دەگات. دەکرێت ئەو جۆرە سووتانە تووشی شێرپەنجەیان بکات."
 
بە گوتەی ئەو پسپۆڕە، تاوەکو زیاتر منداڵ لەنێو دەریاچەکەدا بمێنێتەوە، رەنگی قژی زیاتر زەرد دەبێت. 
 
دەریاچەی وان دەکەوێتە نێوان پارێزگاکانی وان و بەدلیسی باکووری کوردستان و گەورەترین دەریاچەی کوردستان و گەورەترین دەریاچەی سۆدەیی جیهانە، رووبەرەکەی سێ هەزار و 713 کیلۆمەتر چوارگۆشەیە و چوار دوورگەی تێدایە. خوێ و سۆدە لە ئاوەکەیدا بەرزە.

 

 
گرنگییەکی دیکەی دەریاچەی وان بوونی ماسییەکە بە ناوی دارەخ. ئەو جۆرە ماسییە تەنیا لە وان هەیە و ساڵانە لەکاتی کۆچی پێچەوانەی ئەو جۆرە ماسییەدا گەشتیاران بە تایبەت دەڕۆنە وان بۆ ئەوەی ساتی کۆچی ماسییەکان ببینن.
 
بەگوێرەی سەرچاوە مێژووەکان، تەمەنی دەریاچەی وان 600 هەزار ساڵە. ئەو دەریاچەیە 103 جۆر رووەک و 36 جۆر ماسی تێدایە. زانایان دەڵێن دەریاچەی وان بەهۆی تەقینەوەی گڕکانێکی گەورە لە چیای نەمروود دروستبووە.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە