حوسێن چەلیک بۆ رووداو: نابێت پرسی کورد لە تورکیا بە تووندوتیژی چارەسەر بکرێت


رووداو دیجیتاڵ 

حوسێن چەلیک، وەزیری پێشووتری پەروەردەی تورکیا دەڵێت، دەبێت پرسی کورد لە تورکیادا دیموکراسییانە چارەسەربکرێت، نەوەک لە رێگەی تووندوتیژییەوە. 
 
حوسێن چەلیک، وەزیری پێشووتری پەروەردەی تورکیا ئەمڕۆ سێشەممە، 6-8-2024 بەشداری لە بوولتەنی تایبەت بە باکووری کوردستان و تورکیای تۆڕی میدیایی رووداودا کرد کە هێڤیدار زانا پێشکێشی دەکات و لەبارەی زۆر بابەتی گرێدراو بە کورد لە باکووری کوردستان و تورکیا وەڵامی پرسیارەکانی دایەوە. 
 
حوسێن چەلیک ئاماژەی بەوە کرد، ئەو رێچکەیەی ئاکپارتی لە ساڵانی سەرەتای دامەزراندنیدا لە بواری پرسی کورد گرتییە بەر هۆکارێک بوو بۆ ئەوەی ژمارەیەکی زۆر دەنگی کورد بەدەستبێنێت، رەخنەیشی لە لابردنی رێنماییەکانی هاتووچۆ کە بە زمانی کوردی لە بەشێکی باکووری کوردستان نووسرابوون گرت و رایگەیاند، "زمانی دایکی کەسێک وەک شیری دایکیەتی و سەرەکیترین مافی ئەو کەسەیە، ناتوانرێت ئەو کەسە لەو مافەی بێبەش بکرێت و کارێکی لەو جۆرەش پێشێلکردنی مافی گەردوونییە؛ هاوکات پێشێلکردنی فەرمانەکانی خوداش دەکات."
 
حوسێن چەلیک کێیە؟

 

1959 لە وان لەدایکبووە
دایکی کوردە و باوکی عەرەبە
1983 بەشی زمان و ئەدەبی تورکی لە ئیستەنبووڵ تەواوکردووە
1987 بووەتە مامۆستای زانکۆ
1999 بووەتە پەرلەمانتاری دەیەپە لە بازنەی وان
2001 دەستی لە دەیەپە کێشایەوە و بەشداری لە دامەزراندنی ئاکپارتی کرد
2002 بووە وەزیری کولتووری تورکیا
2003-2009 وەزیری پەروەردەی تورکیا بوو
لە بەریتانیا ماستەری تەواوکردووە
بڕوانامەی دکتۆرای بەدەستهێناوە
جگە لە زمانی تورکی، کوردی و ئینگلیزیش دەزانێت
خێزاندارە و باوکی سێ منداڵە
 
دەقی هەڤپەیڤینەکە:
 
رووداو: دەم باش بەڕێز چەلیک؛ بەخێربێیت بۆ رووداو.
 
حوسێن چەلیک: سوپاستان دەکەم و ماندوونەبن. رێز و سڵاوی زۆرم هەیە لە ئەنقەرەوە بۆ هەولێر. 
 
رووداو: ئاکپارتی کە ئێوە داتانمەزراند و پرۆسەی چارەسەریتان دەستپێکرد، هەروەها باسی کۆمەڵکوژیی دێرسمتان کرد، ناوی کوردستان هات و ناوە کوردییەکان بۆ شار و گوندەکان گەڕێندرایەوە، ئێستا کەوتووەتە دوای چەند وشەیەکی کوردی. ئەم بابەتە چۆن گەیشتە ئەو ئاستە؟
 
حوسێن چەلیک: کاتێک ئاکپارتی دامەزرا، دەوڵەتی قووڵ هەبوو. هەر لە دامەزراندنی کۆمارەوە، بەداخەوە سیاسەتی فەرمیی دەوڵەت لە سەر بنەمای رەتکردنەوە، نکۆڵیکردن و پاکتاوکردنی کورد بوو. کاتێک ئاکپارتی دەستی بە کار کرد، بە جۆرێکی دیکە لەم بابەتە نزیک بووەوە. هەروەک ئێوەش ئاماژەتان پێدا، ماوەی 15 ساڵ ئەو نووسینانە هیچ کات نەبوونە کێشە؛ پرۆسەیەکی چارەسەری خرایە رۆژەڤ کە پرسی کورد بە پرسی ئارامیی تورکیا دەبینرا و (ئاکپارتی) پرسی هاووڵاتیبوونی بە بنەما وەرگرت. ئەوە ماوەیەک بە سەرکەوتوویی جێبەجێکرا، بەڵام ئێستا لەم دۆخەی پێی گەیشتووین، سیاسەتی ئەو حیزبەی منیش ئەندامم تێیدا، لەوبارەیەوە پێم باش نییە و بە راستی نازانم. زمانی دایکی کەسێک وەک شیری دایکیەتی و سەرەکیترین مافی ئەو کەسەیە؛ ناتوانرێت ئەو کەسە لەو مافەی بێبەش بکرێت و کارێکی لەو جۆرەش پێشێلکردنی مافی گەردوونی دەکات؛ هاوکات پێشێلکردنی فەرمانەکانی خوداش دەکات. لە تورکیادا زمانی فەرمی و زمانی نووسین تورکییە. چەند شارەوانییەک هەندێک شتیان نووسیوە و ئەگەر ئەوە بە هەڕەشە بۆ سەر وڵاتێک بزانرێت و لەگەڵ نیگەرانیی لە دابەشکردن یەکبخرێت، هەڵە دەکرێت و هەڵەکەش زۆر گەورەیە. دابەشکردنی بنەڕەتی ئەو دابەشکردنەیە لە دڵەکان روودەدات. لە تورکیادا هیچ کەسێک ویستی دابەشکردنی نییە. کەس ناتوانێت بڵێت، هاووڵاتیانی هەکاری، قەرس، وان و ئاگری دەیانەوێت بە پاسپۆرت بڕۆنە ئەنتالیا، ئیزمیر و ئیستەنبووڵ. مرۆڤەکان مافی دیموکراسییان دەوێت و دەیانەوێت وەک مرۆڤ بژین؛ دەیانەوێت رێز لە جیاوازییەکانیان بگیرێت. منیش بەردەوام رەخنەم لەو رێکار و سیاسەتە گرتووە کە حکومەتی ئێمە دەیگرێتەبەر. لەمەودواش بەردەوام دەبم لە رەخنەکان. ئەمانە سیاسەتی راست نین. 
 
رووداو: بەڕێز چەلیک، ئێوەش باستان لە هەندێک بابەت کرد. کورد ناتوانێت چوار گوتەی کوردی لە شەقامەکانی شارەکانی خۆیدا بنووسێت؛ دوای گرتنەبەری رێگەی یاساییش هەر ناتوانێت ئەوە بکات. باشە کورد دەبێت چی بکات؟ کوردەکان چۆن دەتوانن خۆیان وەک هاووڵاتیی ئەو وڵاتە ببینن؟
 
حوسێن چەلیک: ئەم پرسە، جگە لە تێکۆشانی دیموکراسیانە، هیچ رێگەیەکی دیکەی نییە. ئەوە بە روونی دەرکەوتووە کە تاوەکو ئەمڕۆ نەتوانراوە لە رێگەی تیرۆر، چەک، رشتنی خوێنی خەڵک و خۆ بەقوربانیکردن و بە قوربانیکردنی لایەنی بەرامبەرەوە چارەسەر بکرێت.
 
خەباتی دیموکراسیانە هێندە ئاسان نییە، راستە سەختە و کاتی پێویستە، بەڵام تەندروستە. بەڵام لە رێگەی دیکە و پێچەوانەدا هەمووان جەرگیان دەسووتێت و زیانیان بەردەکەوێت. 
 
هەموومان دەزانین ساڵانێک لەم تورکیایە خوێن و فرمێسک دەڕژێررێت. جەختی لەسەر دەکەمەوە؛ ئەم کارە جگە لە خەباتێک لە چوارچێوەی یاسادا هیچ رێگەیەکی دیکەی نییە. دەبێت لە چوارچێوەی یاسا، بە سیاسەت و دیموکراسییانە کار لەسەر ئەوە بکرێت و رێگەی دیکەی نییە. 
 
رووداو: بەڕێز چەلیک، ئێوە لە هەڤپەیڤینێکدا گوتووتانە، هەموو ئەمانە ئەنجامی هاوپەیمانییە لەگەڵ مەهەپە. ئەگەر بەو جۆرە بێت، ئایا پرەنسیپ و بەرنامەی ئاکپارتی چییە؟ ئەگەر پرەنسیپەکان بەهۆی هاوپەیمانییەکەوە بگۆڕدرێن، خەڵک چۆن متمانە بە ئاکپارتی دەکات؟ 
 
حوسێن چەلیک: بەڕای من، ئێستا ئاکپارتی بەهۆی ئەو هاوبەشەوە بەردەوام پاڵپشتی لەدەستدەدات و بەردەوامیشە لە لەدەستدانی پشتگیریی کورد؛ هەر رۆژێک زیاتر دیواری زیاتر لەنێوان خۆی و کورد هەڵدەچنێت. هێڤیدار خان، لە تورکیادا لانیکەم 20 ملیۆن کورد هەیە و ئەوە بە مانای 15 ملیۆن دەنگ دێت و لەو ژمارەیەش 5 ملیۆنی دەنگ بە دەم پارتی دەدات. جەخت لەوە دەکەمەوە کە 8 ملیۆن لە 10 ملیۆنەکەی دیکەی دەنگیان بە ئاکپارتی دەدا. دەڵێم دەنگیان دەدا، چونکە ئیدی زۆرینەیان ئەو دەنگە نادەن. لە دوایین هەڵبژاردندا کە 31ی ئادار بەڕێوەچوو، بەو جۆرە بوو و ئەوەش یەکێک لە هۆکارەکانی شکستی ئاکپارتی بوو. لە گۆڕەپانەکاندا کاتێک قسە لەگەڵ خەڵک دەکەم، ئەمە دەبینم. ئینجا تۆ کاتێک هەڵە دەکەیت، دەبێت باجەکەشی بدەیت. 
 
تاوەکو ئاکپارتی لەگەڵ مەهەپە هاوبەش بێت، بەداخەوە چاوەڕێی هیچ هەنگاوێکی دیموکراسیانە لەم بوارەدا ناکرێت و هەنگاویکی وەها نانرێت، چونکە مەهەپە پارتێکە لەسەر بنەمای نەژاد سیاسەت دەکات و ئایدیۆلۆژیاکەی تورکچیەتییە.
 
من وەک خۆم دژی تورکچیەتی و کوردچیەتیشم. ئێمە کاتێک پارتەکەمان دامەزرا، هاووڵاتیبوون لە دەوڵەتی کۆماری تورکیادا بە بنەما وەرگیرا و گوتمان هەموو هاووڵاتییەکی تورکیا ئینجا نەژاد، زمان، ئایین و مەزهەبی هەرچییەک بێت، هاووڵاتیی پلە یەکە؛ گوتمان مافی کولتووریی هەموو کەسێک، ئاساییترین و بنەڕەتیترین مافی خۆیەتی. لە تورکیادا دوای تورک گەورەترین پێکهاتە کوردە. ئەگەر دەتانەوێت لە ئارامیدا بژین، دەبێت ئارامی بەوانە بدەن کە لەگەڵیان دەژین. لە کاتی پرۆسەی چارەسەرییدا هەمیشە دەمگوت: لە تورکیادا گرنگترین و سووتێنەرترین پرس، پرسی کوردە. یان تورکیا ئەم بابەتە چارەسەر دەکات، یان ئەم پرسە ئێمە شی دەکاتەوە. هیچ رێگەیەکی دیکەی نییە، هێڤیدار خان.
 
رووداو: بەڕێز چەلیک، ئەگەری ئەو گۆڕانکارییە هەیە؟ ئایا ئێوە هیوایەک دەبینن بۆ گەڕانەوەی ئاکپارتی بۆ سەر هەمان رێچکەی کاتی دامەزراندنی؟
 
حوسێن چەلیک: هیوای ئێمە ئەوەیە، من وەک خۆم ئارەزوو دەکەم ئاکپارتی بگەڕێتەوە سەر تایبەتمەندییەکانی کارگە (قۆناخی سەرەتای کارکردنی). کاتێک بە بەرێز سەرۆککۆمار و بەرپرسانی ئاکپارتی دەڵێم، ئەوان دەڵێن تایبەتمەندییەکانی کارگە چین؟ منیش دەڵێم ئەوە پرۆگرامی ئاکپارتییە کە یەکێک لە ئازادانەترین و دیموکراسیانەترین پڕۆگرامی جیهانە. گرنگ نییە لە پرۆگرامەکەدا چی نووسراوە؛ ئەوە گرنگە کە ئێوە چۆن جێبەجێی دەکەن. باشە ئاکپارتی دەگەڕێتەوە سەر تایبەتمەندیی کارگەیە؟ ویست و ئارەزووم ئەوەیە، بەڵام لەڕاستیدا زۆر هیوادار نیم.