هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادی دوای بڕیاری داخستنی حیزبەکەیان: سکاڵا تۆماردەکەین

06-08-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان، رایگەیاند بڕیارەکەی دەستەی دادوەریی هەڵبژاردن بۆ قەدەخەکردنی پارتەکەیان "نادادی" تێدایە و پێیوایە بڕیارەکە سیاسییە نەوەک یاسایی و بە "گوشاری تورکیا بووە".
 
سەلام عەبدوڵڵا، هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان، کە یەکێکە لەو سێ پارتە سیاسییەی لەلایەن دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە قەدەخە کرا، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "ئەمڕۆ هەڵوێستمان لەبارەی ئەو بڕیارە دەبێت کە پێمانوایە نادادی تێدایە، چونکە ئێمە پارتێکی رێگەپێدراوین و لە عێراقەوە مۆڵەتی کارکردنمان هەیە، بڕیارەکەش بە بڕیارێکی سیاسی دەزانین نەوەک یاسایی."
 
دەستەی دادوەریی هەڵبژاردن لە بڕیارەکەیدا کە رۆژی یەکی ئەم مانگە دەرچووە، ئاماژەی بە داواکارییەکی راوێژکاریێتی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق داوە بۆ قەدەخەکردنی ئەو سێ حیزبە، بەڵام سەلام عەبدوڵڵا دەڵێت "هێشتا روون نەبووەتەوە بڕیاری قەدەخەخستنەسەر پارتەکەمان لەسەر داواکاریی راوێژکارێتی ئاسایشی نەتەوەیی عێراق بووە یان نا، لە قۆناخی کۆکردنەوەی زانیاریداین."
 
بەگوتەی هاوسەرۆکەکە، بڕیاری قەدەخەکە بە گوشاری تورکیا بووە و دەڵێت "تورکیا بە هێزێکی نزیک لە پەکەکەمان دەزانێت، بەڵام ئێمە پارتێکین لە چوارچێوەی هەرێمی کوردستان و عێراق کاردەکەین و هەڵوێستەکانمان لەگەڵ یەکپارچەیی عێراقدا بووە، بۆیە سەد لە سەد ئەو بڕیارە بە گوشاری تورکیا بووە."
 
دژی بڕیارەکە، وەکو هاوسەرۆکی تەڤگەر گوتی پەنا دەبەنە بەر یاسا، بەڵام بەقسەی ئەو "هێشتا یەکلایی نەبووینەتەوە ئایا لە دادگەی فیدراڵی سکاڵا دەکەین یان لە دادگەی دیکە، بەڵام ئێمە رێگەی یاسایی دەگرینەبەر و کاری بۆ دەکەین بۆ گێڕانەوەی مافەکانی خۆمان."
 
دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەکانی عێراق، لەسەر داوایەکی  فەرمانگەی کاروباری پارت و رێکخراوە سیاسییەکان لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، بڕیاری هەڵوەشانەوەی سێ پارتی سیاسیی دەرکرد، کە (پارتی ئازادی و دیموکراسی ئێزدی، بەرەی تێکۆشانی دیموکراسی، پارتی ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان/ تەڤگەری ئازادی)ـن.
 
سکاڵاکە پشتئەستوورە بە سکاڵای راوێژکاریێتی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق بە نووسراوی ژمارە 1908 لە 13-03-2024دا "بەو تۆمەتەی ئەوانە پەیوەندییان لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستانی قەدەخەکراودا هەیە و، هەڕەشەن بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی عێراق." 
 
دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاندووە، وردبینییان لە دۆسیەکانی ئەو پارتانە کردووە، لەسەر بنەمای زانیارییەکانی دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی عێراق و نووسراوی سەرۆکوەزیران، سکرتێری تایبەتی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق بە ژمارە 3028/2482601 لە 10-03-2024 کە زانیارییەکانیان لەسەر ئەو پارتانە پشتڕاست کردووەتەوە. 
 
لە بڕیارەکەی دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەکانی عێراقدا هاتووە "بەگوێرەی مادەی 25/ یەکەم و سێیەم لە یاسای پارتە سیاسییەکان ژمارە 36ـی ساڵی 2015، نابێ پارتە سیاسییەکان پەیوەندیی رێکخراویی، یاخود داراییان لەگەڵ هیچ لایەنێکی ناعێراقیدا هەبێ، یان ئاراستەی چالاکی حیزبییان لەسەر بنەمای فەرمان، یاخود ئاراستەی هیچ دەوڵەتێک، یان لایەنێکی دەرەکی بێ، نابێ هاوکاری پارتێکی سیاسی بکات، کە دەوڵەت قەدەخەی کردووە، یاخود ئەو پارتە ئەجێندای وڵاتێکی دیکە جێبەجێ بکات، بۆ دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی عێراق." 
 
دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەڵێت "لەبەر ئەو هۆکارانەی سەرەوە و پاڵپشت بە مادەی (32/یەکەم/واو) لە یاسای پارتە سیاسییەکان ژمارە 36ـی ساڵی 2015، دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەکانی عێراق بڕیاری دا بە هەڵوەشانەوەی هەریەک لەو پارتە سیاسییانە (پارتی ئازادی و دیموکراسیی ئێزدی، بەرەی تێکۆشانی دیموکراسی، پارتی ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان/ تەڤگەری ئازادی) و داخستی بارەگاکان و دەستبەرداگردنی داراییان."
 
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە