رووداو دیجیتاڵ
هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادی، تۆمەتەکانی دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەکانی عێراق بۆ داخستنی پارتەکەیان رەتدەکاتەوە و دەڵێت، "بڕیارەکە نایاساییە و دەستی دەرەکی تێدایە".
دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە تۆمەتی پەیوەندییان بە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)وە، تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان و و دوو پارتی دیکەی هەڵوەشاندەوە و بڕیاریدا بارەگاکانیان دابخرێن.
تارا حوسێن، هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان رۆژی سێشەممە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لە شاری سلێمانی گوتی، بڕیارەکەیان لە کاژێر 12ـی شەوی دووشەممە لە سۆشیاڵمیدیاوە پێگەیشتووە و گوتیشی، "بەهیچ شێوەیەک پێشوەختە ئاگادارنەکراوینەتەوە کە دۆسێیەک دژی پارتەکەمان هەیە بۆ ئەوەی بەرگری یاسایی لە خۆمان بکەین".
تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان رۆژی 17-10-2014 دامەزراوە و ساڵی 2017 بە فەرمی لە فەرمانگەی حیزب و رێکخراوەکانی عێراق مۆڵەتی وەرگرتووە و لە هەڵبژاردنی پێشووی عێراق کورسییەکی پەرلەمانی عێراقی بەدەستهێنا.
تارا حوسێن گوتی، "وەک پارتێکی سیاسی، تاوەکو ئێستا هیچ پێشێلکارییەکی یاساییمان نەبووە؛ تاوەکو ئێستا هیچ تۆمەتێکی یاسایی دژی ئەندامان و پارتەکەشمان نەبووە. هەموو ئەو تۆمەتانەی بۆمان دروستکراون رەتیان دەکەینەوە. بڕیارەکە یاسایی نییە و بۆ ئەوەش بەڵگەمان هەیە".
هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادی گوتیشی، وەرگرتنی پارە لە دەرەوەی عێراق یان لە هێزی دیکەی سیاسی رەتدەکەنەوە.
تارا حوسێن لە کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکەدا باسی لەوەکرد: "لە بەرامبەر پێشێلکارییەکانی تورکیا بۆسەر سەروەریی عێراق هەڵوێستمان هەبووە و شانازی پێوە دەکەین و پەشیمان نین. ئێمە هێزێکی مەدەنین و بەشێوەیەکی یاسایی کارەکانمان کردوون؛ ئامادەشین لە رێگەی پارێزەرەکانمانەوە بەرگری لە خۆمان بکەین. ئەوەی کراوە بەرتەسککردنەوەی کاری سیاسییە".
هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادی رایگەیاند: بۆ داخستنی بارەگاکانیان "زانیاری هەڵە ئاراستەی دادگەکان کراوە و دەستی دەرەکی تێدایە. ئەگەر دەرفەتێک مابێت، داوا دەکەین پێداچوونەوە بە بڕیارەکەدا بکرێت".
تارا حوسێن رەتیکردەوە سەر بە پەکەکە بن و گوتی: "نە پارتی کرێکارانی کوردستان و نە هیچ هێزێکی دیکە ئێمە ئاراستە ناکات و تەواو سەربەخۆین".
دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەکانی عێراق رۆژی 01-08-2024 بە سەرۆکایەتیی دادوەر حەسەن فوئاد و ئەندامێتی هەردوو دادوەر جەلیل عەدنان خەلەف و رەمەزان حەسەن عەبید کۆبووەوە و لەسەر داوایەکی فەرمانگەی کاروباری پارت و رێکخراوە سیاسییەکان لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان و تێیدا داوای هەڵوەشانەوەی ئەو سێ پارتە سیاسیەی کردبوو (پارتی ئازادی و دیموکراسی ئێزدی، بەرەی تێکۆشانی دیموکراسی، پارتی ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان/ تەڤگەری ئازادی).
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ