بڕیارێکی بەغدا زیان بە کارگەکانی هەرێمی کوردستان دەگەیێنێت؛ کرێکار و بەرهەم بۆ نیوە کەمکراونەتەوە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
نایف رەمەزان
نایف رەمەزان
کەبوونەوەی کرێکار و بەرهەمی کارگەکان لە هەرێمی کوردستان
کەبوونەوەی کرێکار و بەرهەمی کارگەکان لە هەرێمی کوردستان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

بڕیاری قەدەخەی هەناردەی بەرهەمی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بۆ پارێزگاکانی نێوەڕاست و باشووی عێراق زیانی زۆری بە خاوەن کارگەکان گەیاندووە. بەشێکی کارگەکان لەکار وەستاون و بەشێکیشیان ناچار بوون بەرهەم و کرێکارەکانیان بۆ نیوە کەمبکەنەوە. 
 
ئەوەی لە سەرەتای ڤیدیۆیەکەدا دەردەکەوێت، کارگەیەکی بەرهەمهێنانی شەربەتە لە شاری دهۆک. 40 کرێکار کاری تێدا دەکەن. سێ ئامێری دروستکردنی شەربەتی تێدایە. لەدوای بڕیاری حکومەتی عێراق بۆ قەدەخەکردنی هەناردەی بەرهەمی ناوخۆی کارگەکانی هەرێمی کوردستان بۆ شارەکانی نێوەڕاست و خوارووی عێراق، خاوەن کارگەکە ناچاربووە دوو لە ئامێرەکانی رابگرێت و تەنیا نیوەی کرێکاران کار دەکەن. ئەگەر تا رۆژی پێنجشەممە، کێشەکە چارەسەر نەکرێت، کارگەکە لەکاردەکەوێت و تەواوی کرێکاران بێکار دەمێننەوە. 
 
ئەحمەد عەلی، کرێکارە لە کارگەکە و دەڵێت: "بەخۆت دەبینیت، ئەوەتا لایەک کار دەکات و لایەک کار ناکات. برادەرانیش دەڵێن، ئەگەر تا پێنجشەممە هیچ چارەسەرێک نەدۆزرێتەوە و بەرهەم هەناردە نەکرێت، ناچارن کرێکار بەڕێبکەن. بژێوی هەموویانیش لەسەر ئەم کارگەیەیە."
 
270 کارگە لە دهۆک بەرهەمەکانیان بۆ پارێزگاکانی دیکەی عێراق دەنێرن. رۆژانە زیاتر لە شەش هەزار کرێکار لەم کارگانە کار دەکەن. ئێستا بەشێکیان بێکار ماونەتەوە و ئەوانی دیکەش دەکرێت تا چەند رۆژێکی دیکە لە کارکردن بەردەوام بن و دواتر ئەوانیش بچنە ماڵەوە. بەشێکی خاوەن کارگەکان ناچاربوون کارەکانیان رابگرن.
 
رەمەزان شەعبان، خاوەنی کارگەکە باس لەوەدەکات: "ئیشەکە، نەک هەر کەمبووەتەوە. بەڵکو بە نزیکی هەر راوەستاوە. ئێستا چوار بارهەڵگرمان لە بازگە وەستاون. دووانیان لە کەرکووک و دووانیان لە موسڵن. هەر چواریان راوەستاون و رێگەی چوون نییە. دەڵێن هەر دەبێت [لە بەغدا] تۆمار بکرێن." 
 
ژووری بازرگانیی دهۆک لە ئاستی باڵا دا لە هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکە دایە، بەڵام تاوەکو ئێستا حکومەتی عێراق هیوایەکی پێنەداون. 
 
شوکری جەمیل، سەرۆکی ژووری بازرگانیی دهۆک بە رووداوی گوت: "وەکو یاسا، وەکو دەستوور، ئەم بڕیارە پێچەوانەی بڕگەکانی دەستوور و یاسایە کە ئەم جۆرە مامەڵەیە لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکرێت. هەربۆیە، لەسەر هێڵ دەبین و وەکو ژووری بازرگانیی دهۆک هەموو تواناکانمان دەخەینە گەڕ بۆ ئەوەی ئەم کێشەیە چارەسەر بکەین. 
 
لە 1ـی مانگی ئابەوە، حکومەتی عێراق رێگە نادات لە بازگەی بەنداوی موسڵ لە سنووری پارێزگای نەینەوا ئەو بارهەڵگرانە دەرباز ببن کە بەرهەمی ناوخۆی هەرێمی کوردستانیان هەڵگرتووە. داوا لە بازرگان و خاوەن کارگەکان دەکات مۆڵەتی کارکردن لە بەغدا وەربگرن چونکە دان بە مۆڵەتی کارکردنیان لە هەرێمی کوردستاندا نانێن.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

تیمەکانی سەرژمێری لەگەڵ پارێزگاری سلێمانی.

ئامادەکاری بۆ قۆناخێکی دیکەی سەرژمێریی دانیشتووان دەکرێت

کارزان رەزا، بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی پلاندانان و سەرۆکی لیژنەی راگەیاندنی سەرژمێری، ئەمڕۆ سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەمڕۆ لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی ئامار لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێمی کوردستان، 2 خولی راهێنانی تایبەت بە گەمارۆسازی و ژمارەدانان لە ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد".