لە ئاکرێ دوو بیرکۆڵی قسەخۆش لە کۆڵان و مزگەوتەکاندا دەژین

رووداو دیجیتاڵ 

دوو بیرکۆڵی قسەخۆشی خەڵکی ئاکرێ دەست لەناو دەست، دەڵێن هەر کە چاویان بە دنیا هەڵهێناوە، پێکەوەن. کەس بە دیاریکراوی نازانێت چی پێکەوە دەیانبەستێتەوە، بەڵام بەبێ یەکدی هەڵناکەن. ئەوەی لێی بێزارن، ساڵانێکە بێ ماڵ و حاڵ لە کۆڵان و مزگەوتەکان دەژین. 
 
مەردان سوورچی، ناسراو بە مەلکۆ و وەلید ئاکرەیی دوو بیرکۆڵی قەزای ئاکرێن. ئەوانیش بەتەواوی نازانن لە کەیەوە یەکدی دەناسن. 
 
مەردان دەڵێت: "ئەوەش قەدەری خودایە، وەکو تراکتۆر و عەرەبانە بەدوای منەوەیە. هەندێک تراکتۆر عەرەبانەکەیان لێدەبێتەوە، بەڵام ئەمە (وەلید) لێمنابێتەوە."
 
ئەوان بە زمانی گۆرانی زیاتر لەیەکدی تێدەگەن؛ زۆربەی جار مەردان گۆرانی دەچڕێت و وەلیدیش بە ئامێرێک مۆسیقای بۆ دەژەنێت. هەندێ جاریش، گرژیی دەکەوێتە نێوانیان، بەڵام هەرزوو پێکدێنەوە و بۆ لای یەکدی دەگەڕێنەوە. 
 
مەلکۆ کەسێکی سوپاسگوزار و قسەخۆشە، بەڵام وەکو خۆی دەڵێت، زۆر لە مردن دەترسێت. پێشیوایە هەر خۆی نییە کە وا بیردەکاتەوە: "هەموو کەسێک کە خودا لەسەر ئەم دنیایە دروستیکردووە، لە مردن دەترسێت. (کل نفس ذائقة الموت) دنیا بۆ کەس نامێنێت." 
 
دوو ساڵ لەمەوبەر هاوڕێیەتییان پتەو بووە؛ پێکەوەبوونی ئەم دوو بیرکۆڵە رووخۆش و بێکێشەیە سەرنجی خەڵکی ئاکرێی بەلای خۆیدا راکێشاوە. بۆ هەر کوێیەک بڕۆن، کۆمەڵێک کەس لە دەوریاندا کۆدەبنەوە و گوێ لە گاڵتە و گەپەکانیان دەگرن. 
 
هەرچەندە لە پاک و خاوێنی و رووخۆشیدا بێماڵییان پێیەوە دیار نییە، بەڵام هەردووکیان ئاوارەی نێو شاری خۆیانن. لەم کۆڵان بۆ ئەو کۆڵان، لەم دەرگا بۆ ئەو دەرگا دێن و دەچن تا خەڵکی بیانحەوێننەوە. زۆر جاریش خۆیان لە مزگەوتەکاندا دەبیننەوە و شەو لەوێ بەڕێدەکەن. 
 
بەختیار ئەحمەد، چالاکڤانێکی ئاکرێیە، دەڵێت: "لەسەر شەقامەکان و لە مزگەوتەکان دەخەون. لە رێگەی رووداوەوە دەنگی خۆمان دەگەیێنینە دەوڵەمەند و بەرپرسەکان بۆ ئەوەی شوێنێکی حەوانەوە بۆیان دەستنیشانبکرێت. بنمیچێک هەبێت لەژێریدا بحەسێنەوە. زۆر بەشخوراون. بە زستان و هاوین لەنێو کەلاوەکاندا دەخەون." 
 
مەلکۆ تائێستا ژیانی هاوژینیی پێکنەهێناوە و نازانێت تەمەنیشی چەندە؛ وەلید باوکی دوو کوڕ و کچێکە. بەڵام شوێنی مانەوەی لای مەلکۆیە و لە خۆرهەڵاتەوە تا خۆرئاوابوون یار و هاودەمی یەکدین.