شەش ساڵ سزای زیندانی بۆ دوو بەرپرسی پێشووی کەرکووک دەرچوو
رووداو دیجیتاڵ
دەستەی دەستپاکیی عێراق دەڵێت، سزای 6 ساڵ زیندانی بۆ دوو بەرپرسی پێشووی بانکی رەشید لە کەرکووک دەرچوو.
دەستەی دەستپاکیی عێراق رۆژی 06-08-2024 لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، دادگەی تاوانەکانی کەرکووک/ دەستەی دووەم، سزای 6 ساڵی زیندانی بۆ هەریەک لە نەجات عەلی جەواد، بەڕێوەبەری پێشووی بانکی رەشید لە کەرکووک و سەعد حەسەن موسا، بەڕێوەبەری پێشووی هۆبەی کاری بانکی رەشید دەرکرد، ئەوەش بەهۆی ئەوەی بە مەبەست پارەی کۆمپانیایەکی بازرگانییان لەو بانکەدا خەرج کردووە.
دەستەی دەستپاکیی عێراق دەڵێت، ئەو کارەی ئەو دوو کەسە کردوویانە بە مەبەست بووە و زیانی بە دارایی و بەرژەوەندی ئەو شوێنە داوە کاریان تێدا کردووە.
دەستەی دەستپاکیی عێراق دەڵێت، سزادانی ئەو دوو بەرپرسە دوای ئەوە هات، وردبینی لە بەڵگەنامە و نووسراوەکان کرا؛ ئاماژە بەوەش دەکات، هەردوو کەسی "تاوانبار" رایان کردووە و دادگا بڕیاریداوە بە قەدەخەکردنی گەشتی دەرەوەیان و دەستبەسەرداگرتنی موڵک و ماڵیان.
بە گوێرەی شەفافیەتی نێودەوڵەتی، عێراق لەنێو 180 وڵات لە رووی گەندەڵییەوە لە ریزی 157مینە.