رووداو دیجیتاڵ
چوار بەربژێرى پەرلەمانى کوردستان دواى لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکانیان دوورخرانەوە، یەکێکیان بەربژێرى کۆتاى کریستیانە و جێگەکەى پڕ ناکرێتەوە، سیانەکەى دیکەش سەر بە لیستى نەوەى نوێن.
بە گوێرەى بڕیارێکى ئەنجوومەنى کۆمیسیاران کە رۆژی سێشەممە 6ى ئاب دەریکردووە، لەسەر بنەماى گەڕانەوە بۆ ئەنجامى لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکانیان، چوار بەربژێرى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان دوورخراونەتەوە.
هەریەک لە هێمن عومەر محەممەد دەروێش، سامان مەحموود ئەحمەد ساڵح بەهۆی ئەوەى کە خۆبەربژێرکردنیان پێچەوانەى خاڵى 15 لە بڕگەى دووى بەشی سێیەمى رێنماییەکانى تۆمار و پەسندکردنى لیستى بەربژێران بووە بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان، دوورخراونەتەوە.
ئەو بڕگەیە تایبەتە بە پێشکێشکردنى بەڵگەنامەى پابەند بوون بە بنەماکانى ئاکار، بەڵگەنامەى خوێندن و کارتى بایۆمەترى.
هەروەها دیاری هیدایەت بەشارەت ئەمین، خۆبەربژێریکردنی پێچەوانەى خاڵى یەکى بڕگەى یەکەمى بەشی سێى رێنماییەکان بووە، کە تایبەتە بە سەلماندنى ئەوەى هاووڵاتى هەرێمى کوردستان و دانیشتووى ئەو بازنەیە بێت، کە خۆى تێدا بەربژێر دەکات.
عیماد جەمیل، سەرۆکى تیمى رۆژنامەڤانی کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "ئەو سێ بەربژێرە لە لیستى نەوەى نوێ بوون لە بازنەى پارێزگاى سلێمانی."
ئەو سێ بەربژێرە لایەنەکانیان ئاگادار کراونەتەوە لە ماوەى سێ رۆژدا بەربژێرى جێگرەوەیان بۆ دابنێن.
بەربژێرى چوارەم کە دوورخراوەتەوە، هیلین ئەکرەم دخنا سلێمان بووە کە لە کۆتاى کریستیانە، بە گوێرەى بڕیارەکەى کۆمیسیۆن ناتوانرێت جێگرەوەى بۆ دابندرێت.
ئەو بەربژێرە بە گوێرەى خاڵى یەک لە بڕگەى یەکەمى بەشی شەشەمى رێنماییەکانى کۆمیسیۆن دوورخراوەتەوە، کە تایبەتە بە پارەی بەشداریکردن لە هەڵبژاردن. پارەکەش بۆ بەربژێرانى سەربەخۆ یەک ملیۆن دینارە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ